هێزەكانی نەهێشتنی پشێوی بەچڕی لە ناوەڕاستی بەغدا بڵاو دەبنەوە

:: AM:12:00:16/07/2018 ‌

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی عێراق ئاماژەی كرد كە هێزەكانی نەهێشتنی پشێوی بەشێوەیەكی چڕ لە ناوچەكانی ناوەڕستی بەغدا بڵاو بوونەتەوە و هەر ئەو هێزانە خۆپێشاندانێكیان لە گەڕەكی ئووڕ لە باكوری بەغدا بڵاوە پێ كردووە. 

ئەمڕۆ یەكشەم خۆپێشاندانەكانی خەڵكی پارێزگاكانی باشووری عێراق بەردەوام بوو كە لە 8ی ئەم مانگەوە بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییەكان وەك كارەبا و ئاوی خواردنەوە و نەبوونی هەلی كار لە شاری بەسڕە دەستی پێ كرد و تا ئێستە زۆرینەی شار و شارۆكەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە.

سەرچاوەكە لەو بارەوە گوتی، ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی نەهێشتنی پشێوی لە ناوەڕاستی بەغدا بڵاو كراونەتەوە وەك رێوشوێنێكی ئامادەسازی بۆ هەر ئەگەرێك و ئەوان دەستیان كردووە بە پشكنینی ئۆتۆمبێلەكانی ئەو ناوچانەی تیایدا بڵاو بوونەتەوە.  

هەر ئەمشەو سەرچاوەیەكی پۆلیس رای گەیاند كە هێزە تەناهییەكان خۆپێشاندانێكیان لە گەڕەكی ئووڕ لە باكوری بەغدا بڵاوە پێ كردووە، لەو كاتەی خۆپێشاندەران دەستیان كردبوو بە سووتاندنی تایە لەسەر شەقامەكان وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل