خۆپێشاندانه‌كان ده‌ستیان پێ كرده‌وه‌ و ڕێی به‌غدا بۆ باشووری عێراق گیرا

:: AM:08:39:16/07/2018 ‌
خۆپێشاندانه‌كان له‌ شاره‌كانی باشووری عێراق به‌رده‌وامه‌ و ژماره‌ی قوربانیان ڕوو له‌ زیادبوونه‌ و هێزه‌كانی عێراقیش به‌ توندی دژی خۆپێشانده‌ران وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و له‌ زۆربه‌ی شاره‌كان گرژی و شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕووی دا.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئه‌ندامانی هۆزی "خه‌فاجه‌" له‌ پارێزگای زیقاڕ ڕێی سه‌ره‌كی نێوان زیقاڕ بۆ به‌غدا و پارێزگای واستیان گرتووه‌ و ده‌ستیان به‌ جموجۆڵ بۆ ئه‌نجامدانی خۆپێشاندانی گه‌وره‌ له‌مڕۆ دووشه‌میش كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاشكرای كرد، سه‌دان له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و هۆزه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ و ده‌ستیان به‌ سووتاندنی تایه‌ كردووه‌ و چه‌كیشیان پێیه‌ و ته‌قه‌ به‌ ئاسمان دا ده‌كه‌ن، به‌ توندی دژی ئه‌و په‌لامارانه‌ی هێزه‌كانی حكوومه‌ت بۆ سه‌ر خۆپێشانده‌ران وتاف ده‌ڵێنه‌وه‌ و داوای نه‌مانی فه‌رمانی ته‌قه‌كردن له‌ خۆپێشانده‌ران و توندوتیژی و گرتنی خۆپێشانده‌ران ده‌كه‌ن.

له‌ ڕۆژی هه‌شتی مانگه‌وه‌ له‌ به‌سڕه‌ دژی نه‌بوونی كاره‌با و ئاو و بێكاری و خراپی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ به‌سڕه‌ خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كرد، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراق ته‌قه‌یان له‌ خۆپێشانده‌ران كرد و سێ كه‌سیان برینداركرد، دواتر یه‌كێك له‌ برینداران گیانی له‌ ده‌ست دا، هۆزه‌كانی به‌سڕه‌ داوایان له‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ كرد ده‌ست به‌ خۆپێشاندانی فره‌وان بكه‌ن.

له‌ ڕۆژی پێنجشه‌م و هه‌ینی و شه‌موو و یه‌كشه‌م، خۆپێشاندانه‌كان له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی باشووری عێراق به‌رده‌وامیان هه‌بوو و توندوتیژی زۆری لێ كه‌وته‌وه‌ و تا ئێسته‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 100 كه‌س برینداربوون و هه‌شت كه‌سیش گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، عه‌بادیش فه‌رمانی ته‌قه‌كردنی له‌ خۆپێشانده‌ران به‌ هێزه‌كانی عێراق داوه‌.



وشە - باز ئه‌حمه‌د