میلیشیاكان هاوسەرگیری "موتعە" لە سووریا بڵاو دەكەنەوە

:: AM:09:15:16/07/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی فڕەنسی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، كە میلیشیاكانی شیعەی سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەكی فرەوان هاوسەرگیری "موتعە"یان لە سووریا بڵاو كردووەتەوە كە لە ئێران ڕێی پێ دراوە و كارێكی ئاسایییە، ئەمەیش چالاكی مافی ژنانی لە سووریا بە تەواوی تووڕە كردووە.

ڕۆژنامەی "لیبراسیۆن"ی فڕەنسی لە ڕاپۆرتەكە نووسیویەتی، دوای ئەوەی هاوسەرگیری "موتعە" لە ئێران و وڵاتە زۆرینە شیعەكان وەك كولتوورێكی لێ هاتووە و پیاوان دەتوانن لە سەعاتێكەوە تا چەندان ساڵ هاوسەرگیری "موتعە" لەگەل ژنان بكەن، ئێستە ئەو كولتوورە بەشێوەیەكی فرەوان لە سووریایش بڵاو بووەتەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و شەڕ و ناكۆكی و ململانێكان و كوشتنی ڕێژەیەكی زۆری پیاوان وای كردووە، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێژەی ژنان لە پیاوان زیاتر بێ، بۆیە میلیشیاكان ئەو دەرفەتەیان لە سووریا قۆستووەتەوە و بە ئاسانی دەتوانن كولتوورەكە بڵاو بكەنەوە.

لیبراسیۆن بەڵگەیەكی هاوسەرگیری "موتعە"ی لە حەلەب بڵاو كردووەتەوە كە لە دووی ئادار/مارسی ئەمساڵ واژووی لەسەر كراوە، ناوی ئەو پیاو و ژنە هێڵی بەسەردا هێنراوە و لە بەڵگەكە واژووی هەردوولای لەسەرە كە بڕیاری ئەنجامدانی هاوسەرگیرییان داوە، ژنەكە لەدایكبووی 1988ە و پیاوەكەیش لە 1994 هاتووەتە دنیاوە.

لە بەشێكی تری بەڵگەكە هاتووە، كە تەنیا بۆ ماوەی 15 ڕۆژ هاوسەرگیری لە نێوان ئەو دوو كەسە دەكرێ و لە بەرانبەردا بڕی 100 هەزار لیرەی سووری واتە 160 یۆرۆ لەلایەن پیاوەكە بە ژنەكە دەدرێ، دوو شایەتیش واژوویان لەسەر بەڵگەكە كردووە.

ئەمجۆرە هاوسەرگیرییە لە وڵاتانی عەرەبی و سوننە بە تەواوی ڕەتكراوەیە، بەڵام شیعەكان هەوڵ دەدەن كولتور و شوێنكەوتووانی خۆیان لە ناوچەكە زۆرتر بكەن، بۆیە پەرە بەو دیاردە كۆمەڵایەتییانە دەدەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د