نرخی نەوت ڕوو لە هەڵكشانە

:: AM:09:19:16/07/2018 ‌

ئەمڕۆ هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كرد و لە چەند سەعاتی یەكەمی ئەو بازاڕەشدا نرخی نەوت 15 سەنت هەڵكشاوە.

كۆتایی هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 74 دۆلار و 82 سەنت بەسترابوو و لە چەند سەعاتی رابردوودا بۆ 74 دۆلار و 97 سەنت هەڵكشاوە.

بەگوێرەی dailyfx هاوكات نرخی نەوتی ئەمەریكی ناسراو بە WTI چەند سەنتێك لە سەرووی ئاستی نرخی داخرانیەتی لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا  و بەرمیلی بە 70 دۆلار و 50 سەنت دەفرۆشرێت. كۆتایی هەفتەی رابردوو نرخەكە بە 70 دۆلار و 49 سەنت داخرابوو.

پێش دوو هەفتە لەمەوبەر نرخی نەوت گەیشتبووە 79 دۆلار. دوای هەفتەیەك سێ دۆلار و هەفتەی رابردووش دوو دۆلار و نیو لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت دابەزی. 

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سێ هۆكار رۆڵیان هەبووە لە دابەزینی نرخی نەوت، یەكەمیان قووڵتربوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمەریكا و چین، دووەمیان ئەگەری چالاكبوونەوەی بەندەرەكانی لیبیا لە داهاتوویەكی نزیكدا و سێیەمیش سیاسەتێكی نوێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی پێداچوونەوە بە داواكاری هەندێك لەو كۆمپانیایانە كە كڕیاری نەوتی ئێرانن و دەیانەوێت ئەمەریكا رێیان پێ بدات نەوت لە ئێران بكڕن.

ئەمەریكا پێشتر رای گەیاندبوو لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە هیچ كۆمپانیایەك بۆی نییە نەوت لە ئێران بكڕێت. ئەم سیاسەتەی ئەمەریكا مەترسی ئەوەی هەبوو نرخی نەوت زۆر بەرز ببێتەوە و تەنانەت 100 دۆلاریش تێپەڕێنێت. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە زیانی ئەمەریكایە، بۆیە پێ دەچێت لەو بڕیارەی پاشگەز بووبێتەوە بەو ئامانجەی رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكات.





وشە - سلێمان تاشان