رۆناڵدۆ حەزی دەكرد گرێبەست لەگەڵ یانەیەكی تری ئیتاڵی بكات

:: AM:09:46:16/07/2018 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد كە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بەر لەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس بكات، ئارەزووی دەكرد بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی ناپۆلی ئیتاڵییەوە بكات.

ماڵپەڕی (فوتبۆڵ ئیتاڵیا) ئاشكرای كرد: رۆناڵدۆ بۆ بەرپرسانی یانەی ناپۆلی نەیشاردبووەوە كە ئارەزوو دەكات دوایین وێستگەكانی ژیانی وەرزشی لە ریزی یانەكەیان بێت.

سەرچاوەكە بڵاویشی كردەوە كە بەرپرسانی یانەی ناپۆلی بە رۆناڵدۆیان راگەیاندبوو كە ئەوان بەرگەی 100 ملیۆن یۆرۆی گرێبەستەكەی و مووچە زەبەلاحەكەی ناگرن، چونكە لە رووی داراییەوە كێشەیەكی گەورەیان بۆ دروست دەكات تا دەگاتە ئیفلاسبوونی یانەكە.

ماڵپەڕەكە ئاشكراشی كرد كە خۆرخێ مێندێزی بەڕێوەبەری كارەكانی رۆناڵدۆ خۆی پەیوەندی بە دی لۆرێنتسی سەرۆكی یانەی ناپۆلییەوە كردبوو كە پەیوەندییەكی بەتین لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام سەرۆكی یانەكە بەهۆی زۆری پارەكەوە گرێبەستی رۆناڵدۆی رەت كردبووەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم سەعات 7ی ئێوارە بەكاتی كوردستان، كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەنێو یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیا بە درێسی یانە نوێیەكەی یۆڤانتۆس خۆی پێشكەشی هەواداران و دەزگاكانی راگەیاندن بكات، بەگوێرەی نوێترین زانیارییەكانی گرێبەستەكەی لەسەر یانەی یۆڤانتۆس بڕی 112 ملیۆن یۆرۆی تێچووە لەگەڵ مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م