تاكسی فڕیو بەرهەم دەهێنرێت

:: AM:09:59:16/07/2018 ‌
كۆمپانیای ڕۆلز ڕۆیسی بەریتانی بۆ دروستكردنی بزوێنەری فڕۆكە و ئۆتۆمبێلە ناوازەكان، پڕۆژەیەكی نوێی ڕاگەیاند، بۆ دروستكردنی تاكسی فڕیو، ئەمەیش هەمووانی سەرسام كردووە و ئێستەیش كۆمپانیاكە بە دوای هاوبەشێك دەگەڕێ، بۆ پەرەپێدانی ئۆتۆمبێلی تاكسی فڕیو.

كۆمپانیای ڕۆلز رۆیس یەكشەم بڵاوی كردەوە، پلانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلەكەی داڕشتووە كە سیستەمی فڕین و نیشتنەوەی ستوونی هەیە و بە وزەی كارەبا كار دەكات و دەتوانێ چوار تا پێنج كەس بگوازێتەوە، لە سەعاتێك دەتوانێ 250 میل بڕوات و تا دووری 500 میلیش توانای فڕینی هەیە.

ئەو كۆمپانیایە كاری سەرەكی بەرهەمهێنان و دروستكردنی بزوێنەری هەلیكۆپتەر و فڕۆكە و كەشتییە گەورەكانە و بە كۆمپانیاكانی تری دەفرۆشێتەوە، بەڵام بڕیاری داوە دەست بەم پڕۆژەیەیش بكات و تاكسی فڕیو بێنێتە بوون و شۆڕشێكی گەورە لە بواری تەكنەلۆجیا و گواستنەوە بەرپا بكات.

بڕیارە دیزاینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە ئەمڕۆ دووشەم لە پێشانگای ڤارنبورو بخرێتە ڕوو، ئێستەیش كۆمپانیاكە بە دوای هاوبەشێك دەگەڕێ، تا پەیكەری ئۆتۆمبێلەكە دروست بكات و بەشێوەیەكی جیاواز و سەردەمییانە پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێ و سەركەوتوو بێ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د