پاش هه‌شت مانگ له به‌ڵێنی حكوومه‌تی ناوه‌ند بۆ قه‌ربووكردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، ئێسته ته‌نیا قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵداره‌كان ده‌ستی پێ كردووه، له كاتێكدا خه‌ریكه ته‌مه‌نی ئه‌م حكوومه‌ته كۆتایی پێ دێت و دیار نییه چ كاتێك قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه.
به‌پێی به‌دواداچوون و ئه‌و ئاماره‌ی له شاره‌وانی ده‌ربه‌ندیخان، به "وشه" دراوه، لانی كه‌م دوو هه‌زار خانووی هاوڵاتییان له شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان زیانیان به‌ركه‌وتووه و خاوه‌نه‌كانیان چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به زووترین كات نۆژه‌نی بكه‌نه‌وه.
هاوكات زیان به شه‌ش باڵه‌خانه‌ی حكوومی و 10 قوتابخانه گه‌یشتبوو كه هێشتا نۆژه‌ن نه‌كراونه‌ته‌وه. به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه پێنج هاووڵاتیی گیانیان له ده‌ست دا و زیاتر له 100 كه‌سیش بریندار بوون، به‌ڵام ئه‌مانه قه‌ره‌بوو نه‌كراون.
چاوه‌ڕوانی هاووڵاتییان بۆ قهربووكردنهوهیان به‌هۆی بوومه‌له‌رزه، له كاتێكدایه وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له راگهیهنراوهكانیدا فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایی ئه‌وكاتی بوومه‌له‌رزه‌كه به‌هاوكاری ناو ده‌بات.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا قه‌ره‌بووی ئاژه‌ڵداران ده‌ستی پێ كردووه و ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵداری سنووری گه‌رمیان، "وشه"یان له‌وه ئاگادار كرده‌وه، "به بڕیاری حكوومه‌تی ناوه‌ندی، شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان كراوه‌ته ناوه‌ند بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵدارانه‌ی كه له بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ساڵی رابردوو زیانیان به‌ركه‌وتبوو".
حه‌سه‌ن حه‌مید یه‌كێك له‌و ئاژه‌ڵدارانه بۆ "وشه" گوتی، به‌هۆی گه‌رمی كه‌شوهه‌وا، هه‌ندێك ئه‌سته‌مه له شوێنه دووره ده‌سته‌كانه‌وه سه‌ردانی ده‌ربه‌ندیخان بكه‌ن و خه‌ریكی مامه‌ڵه‌ی قه‌ره‌بوو بن. ئه‌و ده‌ڵێ "ده‌كرا ئه‌مه له شاره‌دێ یان شارۆكه‌یه‌كی نزیك خۆمان به‌ڕێوه بچێ".
له به‌رانبه‌ردا شه‌هاب ئه‌حمه‌د قایمقامی كه‌لار /ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان/ بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا كه دیاریكردنی شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان بۆ قه‌ربووكردنه‌وه‌ی زیانلێكهوتووان، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه گوڕی بوومه‌له‌رزه‌كه له‌و شوێنه زیاتر بووه له شوێنه‌كانی تر و زیانه‌كانیش زیاترن، بۆیه لیژنه‌ی حكوومه‌تی ناوه‌ند به‌سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران ئه‌و شارۆكه‌یه‌ی دیاری كردووه تا لێیه‌وه خه‌ڵك قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
هاوكات حوسێن عه‌زیز به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی یه‌كێتی جووتیاران و هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر پرسی قه‌ربووكردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵداران پرس و رایان پێ نه‌كراوه و ئاگادار نین، له كاتێكدا ده‌بوو هه‌ر ئاژه‌ڵداره و له ناوچه‌كه‌ی خۆی قه‌ره‌بوو بكرایه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه، ئه‌وه‌یه كه قه‌ره‌بووه‌كه ئه‌وانه ناگرێته‌وه كه ماڵیان رووخاوه یان به‌هۆیه‌وه قوربانی گیانیان داوه یان بریندار بوون. به‌ڵكو ته‌نیا ئاژه‌ڵدار ده‌گرێته‌وه.
ناسیح حه‌سه‌ن قایمقامی شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، به"وشه"ی راگه‌یاند، 43 ئاژه‌ڵداری ناوچه‌كانی گه‌رمیان و قه‌ره‌داغ و سنووری سلێمانی له گه‌رمیان قه‌ره‌بوو وه‌رده‌گرن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕی 100 ملیون دینار دیاری كراوه.
ئه‌و روونی كرده‌وه، قه‌ره‌بوو به‌نرخی بازاڕه، واته نرخی هه‌ر سه‌ره ئاژه‌ڵێك له بازاڕدا چه‌نده هه‌مان پاره به‌كاش دراوه‌ته ئاژهڵدارهكه.
له رۆژی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵدارانیش وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق به میدیاكانی راگه‌یاند، له پلانیاندایه قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی شارۆكه‌كه بكه‌نه‌وه. ئه‌و لێدوانه‌ی وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران له كاتێكدایه ته‌مه‌نی حكوومه‌تی عێراق به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت.
هێرش محه‌مه‌د هاووڵاتییه‌كی شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد كه له پاش هه‌شت مانگ چاوه‌ڕوانی و ژیانكردن له‌ناو خێوه‌تدا، ئه‌سته‌مه قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه .
ئه‌و گوتی "به‌ر له شه‌ش مانگ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی ده‌ربه‌ندیخان ده‌رخسته‌ی بۆ زیانی خانووی هاووڵاتییان كرد، به‌ڵام هیچ نهچنرایهوه و ئێسته‌یش زۆرینه‌ی ره‌های هاووڵاتییان به ترسه‌وه له خانووهكانیاندان، به‌ڵام له ترسی شه‌پۆلی گه‌رما ددانیان به‌خۆیاندا گرتووه و ناچنه‌وه ژێر خێوه‌ت".
وشه/ ده‌ربه‌ندیخان- سه‌بری هۆرێنی