مەترسی وەستانی بەرهەمهێنانی دەرمان لە ئێران بەهۆی نەبوونی مادەی خاو، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان لەو وڵاتە و هەندێك جۆری دەرمان نرخەكەی تا سێ هێندە زیادی كردووە.
داریوش ئارمان سەرۆكی ئەنجوومەنی خێرخوازیی پاراستنی نەخۆشانی گورچیلە ئاشكرای كرد، لەو كاتەوە ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی هاتووەتە دەرەوە، نرخی دەرمانەكانی پێوەندیدار بەم نەخۆشییە لە نێوان 100% تا 200% زیادیان كردووە.
ئەو باسی لەوەش كرد بە تایبەتی ئەو دەرمانانەی كە لە ژێر چەتری دڵنیایی كۆمەڵایەتیدا نین زۆر زیاتر گران بوون. ئەو نەخۆشانەی گورچیلەی نوێ پێوەند دەكەن دەبێت بۆ ماوەیەكی زۆر دەرمانی تایبەتی بخۆن بۆ ئەوەی گورچیلەكەیان بە تەندروستی كار بكات و ئەم جۆرە دەرمانەش كە نرخەكەی بەرز بووەتەوە، كێشەی بۆ نەخۆشانی گورچیلە هێناوەتە كایەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە بەرپرسانی ئێران دەڵێن سەرجەم پێداویستییە دەرمانییەكان لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنن و تەنیا بە رێژەی 3 تا 4% پشت بە هاوردە دەبەستن.
زۆر لە نەخۆشخانەكانی ئێران بۆ دابینكردنی دەرمانی نەخۆشەكان ناچارن بە نرخێكی زۆر گرانتر لە جاران دەرمان لە كۆمپانیاكان بكڕن، ئەمەش كاریگەریی خراپی هەیە بۆ سەر باری ژیانی خەڵك.
بەگوێرەی
DW بەشێك لە كارگەكانی دەرمانسازیی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان پێویستیان بە مادەی خاو هەیە كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت و كاتێكیش ئەو مادە خاوەیان پێ نەگات، ئەوا دەبێت بەرهەمهێنان بوەستێنن.
محەمەد رەزا شانەساز سەرۆكی ئەنجوومەنی زانستی دەرمانسازان باسی كێشەیەكی تر كرد كە بریتییە لە نەبوونی دراوی بیانی لە ناوخۆی ئێران و ئەگەر دەرمان یان مادەی خاویش هەبێت و كارگەكان بیانەوێت بیكڕن، ئەوا دراوی پێویستیان لە بەردەستدا نییە.
سزادانی ئێران دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی كاریگەریی خستووەتە سەر دراوی ئەو وڵاتە و گەیاندوویەتییە نزمترین ئاستی لە مێژوودا و ئەوەش وایكردووە كۆمپانیاكانی ئێران دەستیان بە دۆلار رانەگات و نەتوانن پەرە بە پێوەندییە بازرگانییەكانیان بدەن.