داعش بە پارە ئاغایەكی كاكەیییەكانی ئازاد كرد

:: AM:10:55:16/07/2018 ‌
چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، دوای زیاتر لە مانگێك ڕفاندنی ئاغایەكی كاكەیییەكان، شەوی ڕابردوو لە بەرانبەر بڕە پارەیەكی زۆر ئازادیان كرد.

سەرچاوەیەك ڕای گەیاند، كە شەوی ڕابردوو چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش فەرهاد ئاغای كاكەیییان لە بەرانبەر بڕە پارەیەكی زۆر ئازاد كردووە.

سەرچاوەكە گوتی، فەرهاد ئاغا یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی كاكەیی و زیاتر لە مانگێك پێش ئێستە لەلایەن تیرۆریستانی داعش لە گوندێكی شارۆكەی داقووقی باشووری پارێزگای كەركووك، تیرۆریستان هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی و لەگەڵ چەند كەسێكی تر ڕفاندیان.

ڕوونی كردەوە، لە ئەنجامی ناوەندگیری لە نێوان چەكدارانی داعش و كاكەیییەكان، توانرا شەوی ڕابردوو فەرهاد ئاغا لە بەرانبەر بڕە پارەیەكی زۆر كە بە تیرۆریستان درا و چەكدارانی داعشیش فەرهاد كاكەیییان ئازاد كرد و ڕادەستی كەسوكاریان كردەوە.

چەكدارانی داعش لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانی كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین لە چالاكی و جموجۆڵی بەرفرەوانن و هەڕەشەی ڕژدیان لەسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە دروست كردووە، لە ماوەی ڕابردوویش دەیان كەسیان ڕفاندووە و چەندان كەسیشیان كوشتووە و بە ئاساییش شەوان لە ناوچەكە هاتوچۆ دەكەن.

لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە گرووپیكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجامیان دا، ناوچە كوردستانییەكان كەوتنە دەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، ئەوان گرنگی بە پاراستنی ئاسایشی گوندەكانی كورد نادەن و چەكدارانی داعشیش كردەی تیرۆریستی و ڕفاندنی خەڵك و ئازادكردنیان لە بەرانبەر پارە بە فرەوانی لە ناوچەكە ئەنجام دەدەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د