باشوور دەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و عەبادی لە كپكردنی خۆپێشاندان شكست دێنێ

:: AM:11:01:16/07/2018 ‌

لە كاتێكدا هێڵی ئینتەرنێتی بڕی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشی سڕ كرد و 50 هەزار سەربازیشی بڵاوە پێ كرد، عەبادی شكستی هێنا لە كپكردنی دەنگی ناڕەزایەتییەكان و ژمارەی قوربانییانیش لە هەڵكشاندایە، ئەگەری زۆرە خولی دووەمی بوونەوەی بە سەرۆك وەزیرانیش لە دەست بدات.

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكانی هاووڵاتییانی نۆ پارێزگاكەی باشووری عێراق، بۆ رۆژی هەشتەم بەدوای یەك بەردەوامی هەیە، ئەگەرچی حكوومەتی عێراق بە بڕینی هێڵی ئینتەرنێت بەسەر پارێزگاكانی باشوور تا دەگات بە راگرتنی مۆبایل شارەكانی خنكاند و لە رێی 50 هەزار هێزی تەناهی جۆراوجۆر، بەڵام شكستی هێنا لەوەی خۆپێشاندان نەگات بە بەغدا و كپكردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵك كە هەژاری و بێكاری و گەرمای هاوین لەو بێ كارەبایییە هێناویەتە سەر شەقامەكان، بەمەش ژمارەی قوربانییەكان زیاتر بوون.

عەبادی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەكان و رێی هەناردەی نەوت و بازرگانی هاوردەكردنی كەلوپەل لە بەندەرەكانی بەسڕەی سپاردووە بە هێزی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەمان رێكاریشی لە بەغدا لە هەندێك گەڕەكی و ناوچەی هەستیار گرتەبەر، لە هەمان كاتدا هێڵی پێوەندی تەلەفۆنی و ئینتەرنێتی بەسەر هاووڵاتییان داخست. لە سەڵاحەدین باكوری بەغدا، عەبادی هێزی زیاتر رەوانەی شارەكە كردووە لە ترسی جووڵەی هاووڵاتییان كە حزبی شیوعیی عێراقی لە هەوڵدایە خۆپیشاندان لە بەغدا و سەڵاحەدین ئەنجام بدات.

لە سەعاتە كۆتاییەكانی رۆژی هەشتەمی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی، یان شۆڕشی برسیەتی، یانیش شۆڕشی دژە گەندەڵی، كڵپەی خۆپێشاندانەكە گەیشتە بەشێك لە گەڕەك و ناوچەكانی بەغدای پایتەخت و دیوانیەش، دوای ئەوەی لە بەسڕە سەری هەڵدا و پارێزگاكانی زیقاڕ، موسەننا، میسان، واست، كەربەلا، نەجەف، بابل و قادسیەی گرتەوە.

هێزی زیاتر قوربانی زۆرتر
عەبادی لە كۆبوونەوەی باڵای وەزارەتەكانی پێوەندار بە ئاسایشی نیشتمانی، فەرمانی تەقەكردنی بە هێزە تەناهییەكان دا، زیاتر لە 50 هەزار هێزی جۆراوجۆری رەوانەی باشوور كردووە و هێڵی ئینتەرنێتیشی پچڕاند، بەڵام شكستی هێنا لە كپكردنی ناڕەزایەتییەكان، بە پێچەوانەوە خەڵكێكی زیاتر رژانە سەر شەقامەكان و دامەزراوەكانی دەوڵەت و حزبە شیعەكانیان بەتایبەت دەعوە و رەوتی حیكمە و فەزیڵە و بەدر و عەسائیب ئەهل حەقیان سووتاند تا گەیشتە سووتاندنی وێنەی خامنەیی و خومەینی لە بەسڕە.

دەرئەنجامی بڕیارەكەی عەبادی بووە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراوان بۆ حەوت كەس و زیاتر لە 150 بریندار كە 76یان لە بەسڕە، 32 لە زیقاڕ، 38 لە نەجەف و 18 لە میسان و ئەوانی تریش لە پارێزگاكانی بابل و كەربەلا و ناوچەكانی تر.
 
 ترس لە بەغدا
بەرپرسێكی عێراقی ئاشكرای دەكات كە حكوومەت رێگری بە هیچ گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی لە پایتەخت نادات و هەوڵەكانی چالاكانی مەدەنی لە رێكخستنی خۆپێشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا شكستی هێناوە.

ئەو بەرپرسە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ رێی تێدەچێت خۆپێشاندانەكانی باشوور كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەڵام بگاتە بەغدا دۆخەكە بە تەواوەتی تێكدەچێ و لە كۆنتڕۆڵیش دەچێتە دەر و دەبێتە شۆڕش.

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە عەبادی هەوڵی زۆری داوە لە رێی پیاوانی ئاینی و حەوزەكانی نەجەف كۆنتڕۆڵی خۆپێشاندانەكان بكات، بەڵام ئەوان رەتیان كردەوە داوا لە خەڵك بكەن ئارام بگرن، گوتی "ئەگەر بگاتە بەغدا كە رێژەی هەژاری و بێكاری گەلێك زۆرە، بە ئاسانی دانامركێتەوە".

حكوومەتی عێراق، هێزێكی زۆری لە دەوری ناوچەی سەوز بڵاوە پێ كردووە، هاوكات هێزی زیاتری رەوانەی شوعلە و زەعفەرانیە و كازمیە و سەدر و ئوور كردووە.

عەبادی تەنیا دەمێنێتەوە
رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی دەڵێ، خۆپێشاندانەكانی باشوور خۆڕسكە و دەستی كەسی لە پشتەوە نییە، بەڵام سووتاندنی بارەگای حزبەكان دەستی لە پشتەوەیە.

فەهمی كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، گوتی "وەك حزبی شیوعی پشتگیری لە داخوازی خۆپێشاندەران دەكەین، لایەنیش هەن دەیانەوێت سواری شەپۆلەكە ببن".

ئەیاد عەلاوی سەركردەی هاوپەیمانی نیشتمانی داوای پێكهێنانی حكوومەتی رزگار نیشتمانی دەكات و دەڵێ، عێراق بە تەنگژەیەكی زۆر مەترسیدار تێدەپەڕێت كە دوای هەڵبژاردن ناڕەزایەتییەكان زۆر توندتر بوونە.

عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژە بەوە دەكات كە ترس هەیە تیرۆر و توندڕۆیی بخزێنە ناو خۆپێشاندەران و جارێكی تر بگەڕێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ دەركەوتنەوەی داعش بەهۆی چارەسەر نەبوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هاوكات موقتەدا سەدر شاندێكی رەوانەی لای ئەنجوومەنی عەشایەر لە بەسڕە و خۆپێشاندەران كردووە بۆ تێگەیشتن لە خواست و داواكارییەكانیان، پشتگیری خۆیشی نەشاردەوە لە داخوازی خۆپێشاندەران.

سێ ملیار دۆلار عەبادی رزگار دەكات؟
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوشانی دابینكردنی سێ ملیار دۆلاری بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان لە بەسڕە، هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزیشی كرد بۆ دامركاندنەوەی خۆپێشاندەران.

عەبادی رای گەیاند كە حكوومەت بڕی سێ ملیار دۆلاری بۆ پڕۆژەكانی كارەبا و ئاو و چاودێری تەندورستی دابین كردووە، بەڵام وەڵامی خۆپێشاندەران تا ئێستە بەردەوامیی بووە لەسەر شەقام.

عێراقییەكان چیتر باوەڕییان بە بەڵێنەكانی حكوومەتی ناوچەی سەوز نەماوە كە بەڵێنی ئەنجامدانی پڕۆژەیان پێ دەدات، چاودێرێكی سیاسی كە قسەی بۆ "عەرەب" كردووە، پێی وایە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان وەك دەستكەوت بۆ خۆپێشاندەران دێتە هەژمار، ئەمە لە كاتێكدایە سیستانی تا ئێستە پشتگیری لە داخوازی خۆپێشاندەران دەكات، ئەمەش بەشێك لە سەركردەی حزبە عێراقییەكانی ناچار كردووە پشتگیری لە خواستی خۆپێشاندەران بكەن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە عەبادی لە كاتی زیادكراو بە دوای چارەسەردا دەگەڕێت، بە تایبەت كاتێك میلیشیاكانی سەر بە ئێران پشتگیری لە خۆپێشاندەران دەكەن، تەنانەت دوور نییە هەر ئەوان كاری تێكدەری ئەنجام بدەن و بە ملی خۆپێشاندەرانی دابدەن.

چاودێرێكی سیاسی دەڵێ زۆر ئەستەمە ئێران بەدەم داواكاری عەبادی بێت و ئەو كارەبایەی بڕیویەتی بیداتەوە، گوتی "تاران لە هەوڵی خۆ رێكخستنەوەی كارتەكانیدایە لە عێراق، بۆیە رزگاركردنی حكوومەتی عەبادی لە ئەولەویەتی كارەكانیدا نییە".

سیناریۆكانی عەبادی بۆ باشوور
بەرپرسێكی عێراق لە بەغدا كە بە تەلەفۆن قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ عەبادی لەسەر دوو پلانی جیاواز كار دەكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خۆپێشاندانەكانی پارێزگاكانی باشووری عێراق، یەكەمیان زیاتركردنی بڕیارەكانی چاكسازی بە مەبەستی باشتركردنی خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان و دابینكردنی پارە بۆ گەپێشەپێدانی ژێرخان و دوورخستنەوەی تۆمەتباران و تێوەگلاوان بە گەندەڵی لەسەر ئاستی سەركردە تەناهییەكان و دامەزراندنی هەزاران بێكارە لەمساڵدا. پلانی دووەمیشی ناردنی هێزی زیاترە بۆ باشوور و بڵاوە پێكردنی هێزێكی زۆر لە بەغدا، لەسەر ئەو بنەمایەی بە تێپەڕبوونی كات خۆپێشاندانەكان خۆیان دادەمركێنەوە بەتایبەت لەگەڵ بڕینی هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەی چەند رۆژێكی تر.



وشە - فه‌رمان سادق