مەرجەعییەت داوای عەبادی بۆ وەستاندنی خۆپێشاندانەكان ڕەت دەكاتەوە

:: AM:11:29:16/07/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی كەنەدا ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق دەیەوێ بە هیچ شێوەیەك خۆپێشاندانەكان نەگەنە بەغدا، هاوكات مەرجەعییەتی نەجەفیش داوایەكی حكوومەتی عێراقیان ڕەت كردووەتەوە تا داوا لە خەڵكی بكەن، خۆپێشاندانەكان بوەستێنن و دۆخەكه هێور بكەنەوە.

پێگەی "سۆمەریەنیوز" بڵاوی كردووەتەوە كە ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، حكوومەتی عێراق هەموو ڕێوشوێنێكی گرتووەتەبەر تا ڕێ لە گەیشتنی خۆپێشاندانەكان بۆ بەغدا بگرێ، هەموو هەوڵی چالاكان و ڕێكخەرانی خۆپێشاندانەكانیشی شكست پێ هێناوە كە ویستوویانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا خۆپێشاندان ئەنجام بدەن.

لە بەشێكی تردا ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، حكوومەت لەو بڕوایەدایە كە كپكردنەوەی خۆپێشاندانی شارەكانی باشوور كارێكی قورس نییە، بەڵام گەیشتنی بە بەغدا و بەردەوامی لە پایتەخت هەڕەشەی مەترسیدار لەسەر حكوومەت و دەسەڵاتی عێراق دروست دەكات.

سەرچاوەیەك بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، حكوومەت بۆ كپكردنەوەی خۆپێشاندانەكانی باشووریش داوای لە مەرجەعییەت و پیاوانی ئاینی لە حەوزەی نەجەف كردووە،كە هەڵوێستیان هەبێ و داوای وەستاندنی خۆپێشاندانەكان لە خەڵكی بكەن، بەڵام مەرجەعییەت ئەو داوایەی ڕەت كردووەتەوە و ئامادە نەبووە بە هیچ شێوەیەك داوای وەستاندنی خۆپێشاندانەكان لە خەڵك بكات.

لە ڕۆژی هەشتی مانگەوە لە بەسڕە دژی نەبوونی كارەبا و ئاو و بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان لە بەسڕە خۆپێشاندان دەستی پێ كرد، پاش ئەوەی هێزەكانی عێراق تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد و سێ كەسیان بریندار كرد، دواتر یەكێك لە برینداران گیانی لە دەست دا، هۆزەكانی بەسڕە داوایان لە خەڵكی شارەكە كرد دەست بە خۆپێشاندانی فرەوان بكەن.

لە ڕۆژی پێنجشەم و هەینی و شەموو و یەكشەم، خۆپێشاندانەكان لە زۆربەی شارەكانی باشووری عێراق بەردەوامیان هەبوو و توندوتیژی زۆری لێ كەوتەوە و تا ئێستە بەلایەنی كەمەوە 100 كەس بریندار بوون و هەشت كەسیش گیانیان لە دەست داوە، عەبادیش فەرمانی تەقەكردنی لە خۆپێشاندەران بە هێزەكانی عێراق داوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د