سەرچاوەكان لە بەسڕەوە ئاشكرایان كرد، خۆپێشاندەران دەستیان بە جموجۆڵ كردووەتەوە و سێ ڕێی سەرەكیی بەسڕەیان داخستووە و بەردەوامن لە ناڕەزایی بەرانبەر بە حكوومەت و دەسەڵاتی عێراق.
سەرچاوەیەك بە
میدیاكانی عێراقی ڕاگەیاندووە، خۆپێشاندەران بەیانی ئەمڕۆیش دەستیان بە جووڵە كردووەتەوە و سێ ڕێی سەرەكیی بەسڕەیان داخستووە، یەكێك لە ڕێیەكان بەرەو كێڵگە نەوتییەكان دەڕوا و كارمەندان ناتوانن بچنە سەر كارەكانیان.
زیاتر گوتی، ڕێی گەیشتن بە كێڵگەی نەوتی سیبە بە كۆنكرێت و بەرد داخراوە، هاوكات ڕێی گەیشتن بە ناوچەی بەرجسیەی ناوەڕاستی شاری بەسڕەیش كۆنكرێتی لێ بڵاو كراوەتەوە.
ڕوونی كردەوە، كە ڕێی سێیەم بەرەو ناوچەی ئەبی خەسیبی باشووری بەسڕە دەڕوات و خۆپێشاندەران لێی كۆ بوونەتەوە و هێزە تەناهییەكانیش بە چڕی لە ناوچەكە بڵاوەیان كردووە.
لە ڕۆژی هەشتی مانگەوە لە بەسڕە دژی نەبوونی كارەبا و ئاو و بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان لە بەسڕە خۆپێشاندان دەستی پێ كرد، پاش ئەوەی هێزەكانی عێراق تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد و سێ كەسیان بریندار كرد، دواتر یەكێك لە برینداران گیانی لە دەست دا، هۆزەكانی بەسڕە داوایان لە خەڵكی شارەكە كرد دەست بە خۆپێشاندانی فرەوان بكەن.
لە ڕۆژی پێنجشەم و هەینی و شەموو و یەكشەم، خۆپێشاندانەكان لە زۆربەی شارەكانی باشووری عێراق بەردەوامییان هەبوو و توندوتیژی زۆری لێ كەوتەوە و تا ئێستە بەلایەنی كەمەوە 100 كەس بریندار بوون و هەشت كەسیش گیانیان لە دەست داوە، عەبادیش فەرمانی تەقەكردنی لە خۆپێشاندەران بە هێزەكانی عێراق داوە.