دوای سەركەوتنی ئەردۆغان..لیرە بەردەوامە لە دابەزین

:: PM:12:21:16/07/2018 ‌

لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیاوە كە لە 24ی حوزەیران بەڕێوە چوو، نرخی لیرە بەرانبەر دۆلار ئەمەریكی رووی لە دابەزین كردووە.

لە بەرەبەری هەڵبژاردن تاڕادەیەك نرخی لیرە بەرانبەر دۆلار بەرز بووبووەوە و گەیشتبووە 450 لیرە بەرانبەر بە 100 دۆلار، بەڵام ئێستە دوای سێ هەفتە لە هەڵبژاردن 100 دۆلاری ئەمەریكی 483 لیرەی توركیا بەهای هەیە و ئەوەش دەری دەخات بەهای لیرە تووشی داشكان بووە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەردۆغان جگە لەوەی كە سەركەوتنی بەدست هێنا، لە هەمان كاتدا دەسەڵاتەكانیشی لە پۆستی سەرۆك كۆماریدا بەهۆی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی زیادی كرد. ئەو لە یەكەم وتاریدا باسی لە گەشەپێدانی ئابووری توركیا كرد و گوتی وڵات بەرەوپێش دەبات.

لەجیاتی بەرزبوونەوەی نرخی لیرە، نرخی دراوی ئەو وڵاتە دابەزیوە و ئەمەش دەری دەخات بازرگانان و وەبەرهێنەران لە داهاتووی توركیا نیگەرانن و نازانن ئەردۆغان وڵات بەرەو چ ئاقارێك دەبات.

پێویستە بگوترێت خۆی نرخی لیرە لە ژێر كاریگەریی سیاسەتەكانی ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنیش هەر لە دابەزیندا بووە و لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 18% لە بەهای خۆی لە دەست داوە.

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای ئەمساڵ بریتی بووە لە 375 لیرە و شەش مانگ لەمەوبەریش 340 لیرە بووە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

لە نزیكەی چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە دوو هێندە گرانتر بووە و بەهای لیرەی توركیا بۆ نیوە دابەزیوە.

بەگوێرەی چارتی XE ، ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە. 




وشە - سلێمان تاشان