ناوەرۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی

:: PM:02:28:16/07/2018 ‌
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتەبێژی هەردوو حزبەكە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان ئاشكرا كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی تەمووز/ یۆلیۆ، مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بۆ ئێستەی دۆخەی كوردستان و كورد پێویستە پێوەندی نێوان پارتی و یەكێتی باش بێت و كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆش باش بوو.

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ئێمە بەپێویستی دەزانین حكوومەتی عێراق ددان بە مافە دەستوورییەكان بنێت و پەنا بۆ هێز نەبات بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان.

هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گوتی، لە دوای 12ـی ئایار بڕیاری ئەوەمان دا هەڵمەتی هەڵبژاردن تەواو بوو و دەست بەوە بكەین كە بەرنامەیەكی كاری هاوبەشمان هەبێت بۆ داهاتووی عێراق و دامەزراندنی حكوومەتی داهاتووی عێراق.

پیرە ئاشكرای كرد لەمەودوا دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دادەنیشین و دەرگەش كراوە دەبێت، بۆیە گفتوگۆش لەگەڵ چەند لایەنێكی عێراق هەبوو سەردانی ئێمەیان كردووە.

گوتەبێژی یەكێتی گوتی، ئەو كۆبوونەوانە هەفتانە دەبێت و سەركردایەتییەكمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەك ئامادە بكەین و بیدەین بە سەركردایەتی حزبەكانمان، بۆیە پێویستە هەرلایەنێك پەسەندی بكات.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی تیشكی خستەسەر پێكهێنانی حكوومەتی عێراق كە ڕەنگە كاتی زیاتری پێویست بێت بەهۆی ئەو خۆپێشاندانانەی لە عێراق هەیە و پێویست دەكات زیاتر چاوكراوە بین، بۆیە لە چەند ڕۆژی داهاتوو پڕۆژەكەیان ئامادە دەبێت، ئەویش بریتییە لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و مافە دارایییەكان و مادەی 140 و شوێن و پێگەی پێشمەرگەیە.

مەحموود محەمەد ئاشكرای كرد ئەوەی پێوەندی بە حزبەكانی كوردستان هەیە دەرگە كراوە دەبێت، بۆیە پێویست بەوە دەكات هەموو لایەنە كوردستانییەكان خۆیان بە خەمخۆری خەڵكی كوردستان دەزانن بەپێویستی دەزانین بەشداری بكەن.

ئەو هەموو ڕەخنە و تانەگرتنە لە هەڵبژاردنەكان دوای یەكلاكردنەوەی ژماردنەوەی دەنگەكان كۆتایی پێ بێت و لایەنە سیاسییەكان بەشێوەیەكی نوێ‌ بێنەوە مەیدان و سیاسەت بكەن. ئەو بەرپرسەی پارتی دیموكراتی كوردستان وای گوت.



وشە - رامیار جەواد