میدیاكانی عێراق: پاسدارانی ئێران بۆ كپكرنه‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌كان گەیشتنە بەسڕە

:: PM:03:50:16/07/2018 ‌
پێگەیەكی عێراقی بڵاوی كردەوە بە سەدان لە سەربازانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند سەعاتی ڕابردوو گەیشتوونەتە شاری بەسڕە و لەگەڵ هێزەكانی تری عێراق كار بۆ سەركوتكردن و گرتنی خۆپێشاندەران كەوتوونەتە جموجۆڵەوە.

ماڵپەڕی "بغداد پۆست"ی عێراقی نووسیویەتی، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران فەرمانی كردووە، كە هەزار و 600 سەربازی سوپای پاسداران لە سنوورەكانی نێوان عێراق و ئێرانەوە بێنە ناو بەسڕە، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو ڕاپەڕینە بهێنن و كێڵگە نەوتییەكان لە خۆپێشاندەران بپارێزن.

سەرچاوەیەك بە ماڵپەڕەكەی ڕاگەیاندووە، سەربازانی سوپای پاسداران لە دەروازەی شلامچەی سنووری نێوان بەسڕە و كۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەكی قورسەوە هاتوونەتە بەسڕەوە، بۆ ئەوەی بارەگای حزبەكانی نزیك لە ئێران و بارەگاكانی ئێران و كێڵگە نەوتییەكان لە بەسڕە بپارێزن و لەگەڵ هێزەكانی تریش كۆتایی بە خۆپێشاندانەكان بهێنن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پێگەكە لە چەند ڕۆژی داهاتوو سەربازانی سوپای پاسداران دەهێنرێنە سەرجەم پارێزگاكانی تری باشووری عێراق كە خۆپێشاندان و توندوتیژی لێ كەوتووەتەوە، بڕیارە ژمارەیەكی زۆری هێزەكانی پاسدارانیش بهێنرێنە نەجەف و كەربەلا بە بیانووی پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی شیعە.

لە ڕۆژی هەشتی مانگەوە لە بەسڕە دژی نەبوونی كارەبا و ئاو و بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان لە بەسڕە خۆپێشاندان دەستی پێ كرد، پاش ئەوەی هێزەكانی عێراق تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد و سێ كەسیان بریندار كرد، دواتر یەكێك لە برینداران گیانی لە دەست دا، هۆزەكانی بەسڕە داوایان لە خەڵكی شارەكە كرد دەست بە خۆپێشاندانی فرەوان بكەن.

لە ڕۆژی پێنجشەم و هەینی و شەموو و یەكشەم، خۆپێشاندانەكان لە زۆربەی شارەكانی باشووری عێراق بەردەوامیان هەبوو و توندوتیژی زۆری لێ كەوتەوە و تا ئێستە بەلایەنی كەمەوە 100 كەس بریندار بوون و هەشت كەسیش گیانیان لە دەست داوە، عەبادیش فەرمانی تەقەكردنی لە خۆپێشاندەران بە هێزەكانی عێراق داوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د