پێشمەرگە و هاوپەیمانان كۆبوونەوە

:: PM:04:56:16/07/2018 ‌
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای هاوكاری زیاتر لە هێزەكانی هاوپەیمانان دەكات بەمەبەستی ڕێگری لە جموجۆڵی ئەو چەكدارانەی ماون.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی تەمووز/ یۆلیۆ، لە ڕاگەیەنراوێكی جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە، كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە ژمارەیەك لە ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت و نوێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمان، كۆبوونەوەی دەوری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە هەولێر بەڕێوە چوو.

لە كۆبوونەوەكە باس لە جموجۆڵەكانی پاشماوەی چەكدارانی داعش كرا كە ماوەیەكە لە چەند ناوچەیەك بەدی دەكرێن، هەروەها تیشك خرایە سەر ئۆپراسیۆنی هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە كە دژی ئەو چەكدارانە لە نزیك ناوچەكانی مەخموور دەستی پێ كردووە، لەوبارەیەوە بەرپرسانی هاوپەیمانان روونكردنەوەی پێویستیان خستەروو.

وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت داوای لە هاوپەیمانان كرد هاوكاری و پاڵپشتی زیاتری هێزەكانی پێشمەرگە بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەكدارانە و رێگرتن لە فرەوانبوونی چالاكییەكانیان.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە ناڕەزاییەكانی خەڵكی عێراق لە چەند پارێزگایەك كرا و هۆشداریشیان دا لە ئەگەری زیادكردنی چالاكییەكانی داعش بەهۆی ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە و دروستبوونی بۆشایی تەناهی لەو ناوچانە درا.

مانگانە كۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت بەمەبەستی گۆڕینەوەی زانیاری لەسەر جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا.



وشە - رامیار جەواد