ژماردنەوەی دەنگەكان لە دهۆك كۆتایی هات

:: PM:05:53:16/07/2018 ‌
ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی سندووقی پارێزگای دهۆك لەلایەن ئەو لیژنە دادوەرییەی ڕاسپێردرابوون كۆتایی هات و ژماردنەوە بۆ 107 سندووق كراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی تەمووز/ یۆلیۆ، دادوەر لەیس جەبر گوتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، ژماردنەوەی دەنگەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كۆتایی هات و ئامادەكاری دەكرێت بۆ دەستكردن بە ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە پارێزگای نەینەوا.

گوتەبێژی بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای كردووە لە رۆژی شەموو 14ـی تەمووز ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە دهۆك دەستی پێ كردووە و ئەمڕۆ كۆتایی هات.

لە سنووری پارێزگای دهۆك 107 سندووق تانەیان لەسەرە و لە كەمپی ئاوارەكانیش زیاتر لە 200 سندوق تانەیان لێدراوە.

جیاكردنەوەی دەنگەكانی پارێزگای كەركووك و سلێمانی و هەولێر كۆتایی هاتووە و بڕیارە دوای تەواوبوونی سەرجەم بنكەكانی كە لە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی دەستی بۆ كراوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دادگای فیدڕاڵ ئەنجامەكان ڕابگەیەنن.

جیاكردنەوەی دەنگەكان و دووبارە ژماردنەوەیان لە كاتێكدایە بەشێكی زۆری حزبەكان گومانیان لە ئەنجامی دەنگدان و ئامێرەكانی كۆمسیۆن دەربڕیوە.



وشە - رامیار جەواد