نوێنەری خۆپیشاندەرانی بەسڕا: خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت

:: PM:06:37:16/07/2018 ‌
لیژنەی هەماهەنگی و ئاشتەوایی خۆپیشاندانەكانی شاری بەسڕا داواكارییەكانی خۆیان بۆ حكوومەتی عێراق خستەڕوو و ئاشكرایان كرد كە خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی تەمووز/ یۆلیۆ، ئەندامانی لیژنەی هەماهەنگی و ئاشتەوایی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایان گەیاند، لە پێناو خزمەت بە هاووڵاتیانی بەسڕا خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەمەبەستی دابین كردنی داوا ڕەواكانی خەڵكی بەسڕا.

 ئەندامانی لیژنەی هەماهەنگی و ئاشتەوایی ئاشكرایان كرد، ئێمە داوای مافی خەڵكی بەسڕا دەكەین بەپێی دەستووری عێراقیش لە مادەی 68 بڕیاری لێداراوە و ئاساییە هاووڵاتیان خۆپیشاندان بكەن.

سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکە لە بەیانێكیدا خوێندیانەوە كە لیژنەی هەماهەنگی و ئاشتەوایی پێكهێنراوە و  كە بە ناڕاستی دەزانن كە هێرش بكرێتە سەر دامەزراوەكان، داواش دەكەن لە هێزەكانی عێراق ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرن و داواش دەكەن ڕێز لە خۆپیشاندەران بگرن.

ئەو لیژنەیە چەند داواكارییەكی ئاشكرا كرد لە حكوومەتی عێراق كە كێشەی ئاو و كارەبا چارەسەری خێرای بۆ بكرێت و چارەسەری بێكاری بكرێت و هەلی كار دابین بكرێت و حزمەتگوزاری تەواو دابین بكرێت لە كەرتی تەندروستی و پەروەردە.

لە ڕۆژی هەشتی تەمووزەوە لە بەسڕە دژی نەبوونی كارەبا و ئاو و بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان لە بەسڕە خۆپێشاندان دەستی پێ كرد، پاش ئەوەی هێزەكانی عێراق تەقەیان لە خۆپێشاندەران كرد و سێ كەسیان برینداركرد، دواتر یەكێك لە برینداران گیانی لە دەست دا، هۆزەكانی بەسڕە داوایان لە خەڵكی شارەكە كرد دەست بە خۆپێشاندانی فرەوان بكەن.

لە ڕۆژی پێنجشەم و هەینی و شەموو و یەكشەم، خۆپێشاندانەكان لە زۆربەی شارەكانی باشووری عێراق بەردەوامیان هەبوو و توندوتیژی زۆری لێ كەوتەوە و تا ئێستە بەلایەنی كەمەوە 100 كەس برینداربوون و هەشت كەسیش گیانیان لە دەست داوە، عەبادیش فەرمانی تەقەكردنی راستەوخۆی لە خۆپێشاندەران بە هێزەكانی عێراق داوە.
 



وشە - رامیار جەواد