ئەمەریكا بۆ سزادانی ئێران دڵنیایی دەداتە وڵاتان

:: AM:09:44:17/07/2018 ‌

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا دوایین  شێواز و هەنگاوەكان بۆ سزادانی ئێران و رێگری لە هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی ئاشكرا كرد.

ستیڤن مەنوچین وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا تیشكی خستووەتە سەر ئەو سزایانەی بڕیارە بەمزووانە بەسەر ئێراندا بسەپێنرین و گوتوویەتی نابێت وڵاتانی دنیا نیگەرانی ئەوە بن لەدوای رێگریكردن لە نەوتی ئێران، ئەوا تووشی كێشەی نەوت دەبن و ناتوانن ئەو مادە خاوە دەستەبەر بكەن.

 بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا رەچاوی هەموو شتێكیان كردووە و تەنانەت ئەگەر وڵاتێك لەو رووەوە تووشی كێشە هات و هیچ جێگرەوەیەكیشی بۆ كڕینی نەوت نەبوو، ئەوا ئەمەریكا رێی لێ ناگرێت نەوتی ئێران بكڕێت. ئەو دەڵێت "حەز و ئارەزووی ئەمەریكا ئەوەیە هەناردەی نەوتی ئێران بگاتە سفر، بەڵام ئەگەر ئەمە كێشەی بۆ وڵاتێكی تر دروست كرد، ئەوا یەكسەر پێداچوونەوە بە بڕیارەكە دەكەن."

پێگەی DW بڵاوی كردەوە بڕیارە هەمان پرس لە كۆبوونەوەیG20 تاوتوێ بكرێت كە بڕیارە لە 19 تا 22ی ئەم مانگە لە بۆینس ئایرێس بەڕێوە بچێت و ئەمەریكا هەوڵ دەدات وڵاتانی تر هان بدات هاوكاری بكەن.

لەوەتەی ئەمەریكا بڕیاری داوە دووبارە سزاكان بە سەر ئێراندا بسەپێنێتەوە، زیاتر لە 50 كۆمپانیای بیانی لە ئێران كشاونەتەوە.

سزا سەختەكەی سەر ئێران لە  چواری مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەست پێ دەكات و هەموو ئەو ئامادەكارییانەی ئەمەریكا دەیكات، بۆ ئەوەیە لە لایەك سزاكان كاریگەرییان هەبێت بۆ سەر ئێران و لە لایەكی تریش سزاكان نەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.





وشە - سلێمان تاشان