شیعەكان بەردەوامن لە خۆپێشاندان و سوننەی عێراق بێدەنگن

:: AM:11:28:17/07/2018 ‌


لە بەغدا هێزە تەناهییەكان دوو گردبوونەوەیان بڵاوە پێكرد و هێزێكی زۆریشیان بە دەوری فڕۆكەخانەوەیە، لە بەسڕەش خۆپێشاندەران داواكارییەكی 17 خاڵییان راگەیاند. گوشارەكانی سەر عەبادیش زیاتر دەبن و ئەمیش بە سیاسییەكانی راگەیاندووە مەترسییەكان فروانتر بوون و ناوچە سوننییەكانیش تا ئێستە بێدەنگن.

خۆپێشاندان گەیشتە بەغدا
درەنگانی شەوی رابردوو، هێزی تەناهی هاوبەشی عێراقی دوو خۆپێشاندانی لە بەغدا بڵاوە پێكرد، هاوكات هێزێكی زۆریشیان بە دەوری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا جێگیر كردووە لە ترسی خۆپێشاندەران. بەمەش هێزی تەناهی هاوبەش "پۆلیس- سوپا- بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر- پۆلیسی فیدڕاڵی- ئاسایش" ئەمە دووەمین هەوڵی خۆپێشاندانە لە بەغدا كپی دەكەن، كاتێك شەوی دووشەمی رابردوو دیسان چالاكانی بەغدای پایتەخت هەوڵیان دا خۆپێشاندان بكەن.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە دا كە هێزی هاوبەش بە زەبری تەقەكردن خۆپێشاندانێكیان لە گەڕەكی شوعلەی باكوری رۆژئاوای بەغدا بڵاوە پێكرد، هاوكات رێگرییان لە سەتان كەسی تر گرت لە گەڕەكی عامل و بەیاعی دەوروبەری فڕۆكەخانە بۆ ئەوەی خۆپێشاندان ئەنجام نەدەن.

رێگریكردن لە ئەنجامدانی خۆپێشاندان لە بەغدا لە كاتێكدایە شەوی رابردوو سەتان هاووڵاتیی بەغدایی بۆ پشتگیریكردن لە داخوازی ناڕەزایەتییەكانی باشووری عێراق لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا دروشمی سەركۆنەكردنی مامەڵەی هێزە تەناهییەكانیان دژ بە خۆپێشاندەران لە باشوور بەرز كردەوە، بەڵام هێزی تەناهی هاوبەش زۆر بە توندی بەرەنگاریان بوونەوە و تەقەشیان لێ كردن.

سەرچاوەكەی وەزارەتی ناوخۆ بە "عەرەبی جەدید"ی راگەیاندووە، هێزی تەناهی هاوبەش هەموو رێ سەرەكی و لاوەكییەكانی چوون بۆ فڕۆكەخانەیان داخستووە، جگە لەمەش لەسەر رێی نێودەوڵەتی خێرا، خاڵی پشكنین دانراوە و زۆر بە چڕی خەڵك دەپشكنن و مەفرەزەی هاوبەشیش بە بەردەوامی لە گەڕاندان.

محەمەد كە یەكێكە لە رێكخەرانی خۆپێشاندانەكانی بەغدا دەڵێ، گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەغدا دووبارە دەبێتەوە تا ئەو كاتەی حكوومەت وەڵامی بۆ خۆپێشاندانەكانی باشوور دەبێت، گوتی "خۆپێشاندانەكانی بەغدا، ئاشتییانە دەبێت و نزیك لە فەرمانگە حكوومییەكان ناكەوین".

لە بەسڕە 17 داخوازی خۆپێشاندەران راگەیەنرا
شەوی رابردوو دەستەی هاوئاهەنگی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لە بەسڕە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەونی بەیاننامەیەكی 17 خاڵیان راگەیاند.

بەپێی ناوەڕۆكی بەیاننامەكە بێت كە كۆپیی دەست "وشە" كەوتووە، داوای دابینكردنی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەكان دەكەن، داوای چارەسەری بۆ بێكاری و دوورخستنەوەی هەرچی بەڕێوەبەری گشتی هەیە كە زیاتر لە چوار ساڵە لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوانەش كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.

لە بەشێكی تری داواكارییەكانیان داوای خەرجكردنی 12 ملیاری قەزری پترۆدۆلار و دابینكردنی پێنج دۆلار دەكەن بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، داوای ئاشكراكردنی بودجەی پەرەپێدانی بەسڕە دەكەن، داوای خەرجكردنی 50%ی داهاتی بەندەرەكان دەكەن بۆ خزمەتگوزاری شارەكە، داوای ئاشكراكردنی چارەنووسی پارەی دزراوی پیسبوونی ژینگە دەكەن.

داواكاری خۆپێشاندەرانی بەسڕە لە كاتێكدایە بۆ رۆژی نۆیەم خۆپێشاندان لەو شارە و پارێزگاكانی تری باشوور بەردەوامی هەیە.

چالاكانی خۆپێشاندەر لە دروشمەكانیاندا ئاماژە بەوە دەدەن كە نەوتی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، خەڵكی ئەو وڵاتانەی كردووە بە "پادشا" و لەوپەڕی خۆشگوزەرانی دەژن، كەچی نەوتی عێراق خەڵكەكەی هەژار كردووە و حزبە دەسەڵات بەدەستەكانیش كردووە بە ملیۆنێر.

ئەوان نایشارنەوە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی خۆپێشاندەران، لێدانە لە حزبە دەسەڵاتدارەكان كە داهاتی نەوتی عێراق "دەدزن و رێ نادەن خەڵك لێ سوودمەند بێت".

ئەگەرچی هەر لەیەكەم رۆژەوە هێزە سیاسییەكان ویستیان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی و داواكاری خۆپێشاندەران ببن، بەڵام ئەوان بە سووتاندنی بارەگاكانی حزبە شیعییەكان بە بارەگای میلیشیاكانی سەر بە ئێرانیش، وەڵامی ئەوانیان دایەوە.

ناوچە سوننەكان بێدەنگن
لە كاتێكدا رۆژ دوای رۆژ بازنەی خۆپێشاندان لە باشووری عێراق فراوانتر دەبێت، پارێزگاكانی باكور و رۆژئاوای بەغدا "ئەنبار- مووسڵ- سەڵاحەدین" لە بێدەنگییەكی قووڵدایە، ئەگەرچی ئەوان لە 2013 خۆپێشاندانیان ئەنجام دا دژ بە حكوومەتی مالیكی.

ئەیاد عەنبەر مامۆستای زانستە سیاسییەكان كە قسەی بۆ "شەرق ئەوسەت" كردووە، دەڵێ بێدەنگی پارێزگاكانی باكور و رۆژئاوای بەغدا دابەشبوونی عێراق دەردەخات، ئەگەرچی هەموو پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كێشەی كارەبا و كەمی خزمەتگوزاری هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو هاتنی داعش دوای خۆپێشاندانەكانی 2013ی پارێزگاكانی سوننە، وایكردووە خەڵكی ئەو ناوچەیە هیچی تر بیر لە خۆپێشاندان نەكەنەوە ئەگەرچی رۆژانە مافەكانیان پێشێل دەكرێت. گوتی "پێ دەچێت داعش تەنیا شارەكانی سوننەی وێران نەكردبێت، بەڵكو ئەوانی بێبەش كردووە لە دەربڕینی ناڕەزایەتیش".

لای خۆیەوە مەڕوان جەبارە گوتەبێژی ئەنجوومەنی پیاوماقوڵانی سەڵاحەدین دەڵێ، خۆپێشاندانەكانی پارێزگا سوننەكان لە 2013 خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ سوننەكان، دوای ئەوەی لەلایەن داعشەوە بەكار هێنرا و حكوومەتیش دەركەوتنی داعشی بەستەوە بە خۆپێشاندانەكان.

گوتی "ئەمە وایكردووە كۆمەڵگە سوننە هێشتا ترسی هەبێت خۆپێشاندان رێك بخات نەك ببەسترێتەوە بە تیرۆر، ئەگەرچی دۆخی كارەبا لە پارێزگا سوننەكاندا لە رۆژێكدا هەشت سەعاتە". زیاتر گوتی "یەكێكی تر لە هۆكارەكان، هێزە تەناهییە شیعەكان وەك هاووڵاتیی نمرە دوو مامەڵە لەگەڵ سوننەكان دەكەن، تەنانەت ئەو رۆژە گەنجێكیان گرت تەنیا لەسەر ئەوەی رەخنەی لە نەبوونی خزمەتگوزاری گرت، ئەوان خەڵكیان زۆر ترساندووە و هەمیشە وەك چاودێر بەسەریانەوەن، ناتوانن رەخنەش بگرن".

بەڵێنەكانی حكوومەت
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پشتگیری لە داوای خۆپێشاندەران دەكات و دەڵێ پشتگیری لە خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەكەم، بەڵام لایەن هەیە دەیەوێت ئاراستەی خۆپێشاندانەكە تێك بدات و پشێوی و ئاژاوە بنێتەوە.

عەبادی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی پارێزگای نەجەف، ئەوەی خستەڕوو كە لایەن هەیە دەیەوێت دۆخی شارەكەیان لێ تێك بدات و ئابووری شارەكە بپووكێنێتەوە تا وەبەرهێنەران رووی تێ نەكەن.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، حكوومەتی عێراق بڕیاری لادانی ئیدارەی فڕۆكەخانەی نەجەف دراوە و ئێستە گەشتەكان ئاسایی بووەتەوە. گوتی "عێراق بە دۆخێكی زۆر مەترسیدار تێپەڕی لە شەڕی دژ بە داعش، ئێستە لە رووی تەناهی و سەربازی و ئابووری زۆر بەهێز بووە".

عەبادی هەریەك لە قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا و حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی لە پۆستەكانی دوور خستەوە بە مەبەستی رازیكردنی خۆپێشاندەران.

هەوڵەكانی عەبادی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بەردەوامە و رۆژانە دەیان ئەفسەری هێزی تەناهی هاوبەش و بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانی خۆجێی شارەكان دوور دەخاتەوە، هەموو ئامانجیش لەم دوورخستنەوانە رازیكردنی خۆپێشاندەران و نیشاندانی ئەوەیە كە حكوومەت بەدەم داخوازییەكانی خۆپێشاندەرانەوە چووە.

عەبادی: مەترسییەكە فراوانتر دەبێت
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی كە قسەیان بۆ "عەرەب" كردووە، نایشارنەوە كە بەردەوامی خۆپێشاندانەكان و سووتاندنی بارەگای حزبەكان، ترس و دڵەڕاوكێی خستووەتە دڵی زۆرینەی بەرپرسە سیاسییەكان، بەتایبەت كە هەواڵی سووتاندنی بارەگای حزبەكانیان پێ دەگات، یان باس لە سووتاندنی ماڵ و موڵكی ئەو بەرپرسانە دەكرێت لە شارەكانی باشووری عێراق.

"زۆرینەی بەرپرسە سیاسییەكان خێزانەكانی خۆیان لە رێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا رەوانەی بەیرووت یان ئیستانبوڵ كردووە، وەك پێشگرییەك بۆ هەر كارێكی نەخوازراو". سەرچاوەكە وا دەڵێت، ئەوەشی خستەڕوو كە عەبادی بە لایەنە سیاسییە گەورەكانی راگەیاندووە كە پێشبینییەكانی دامەزراوەكانی دەوڵەت دووپات لەوە دەكاتەوە كە جووڵەی ناڕەزایەتی بەرفراوانتر دەبێت و ئەوانیش دەگرێتەوە، ئاشكراشی كرد عەبادی داوای لێیان كردووە كە ناكۆكییەكانیان وەلاوە بنێن و ریزەكانیان یەك بخەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆپێشاندانەكان.

داواكاری عەبادی لە لایەنە سیاسییەكان بۆ یەكخستنی ریزەكان و بەرەنگاربوونەوەی خۆپێشاندەران، لە كاتێكدایە بە پێی زانیارییەكان، لیژنەی سەرپەرشتی هەژماركردنەوەی دەنگەكان دەیانەوێت هەرچی زووە هەژماركردنەوەكە تەواو ببێت و ئەنجامی كۆتایی رابگەیەنن، تا ئەو كاتەش هەوڵی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ پەلەی لێ بكرێت بۆ پێشگیری لە كەوتنی حكوومەت و لە دەست دەرچوونی دۆخەكە بەهۆی فراوانتربوونی بازنەی خۆپێشاندانەكان.




وشە - فه‌رمان سادق