كۆرتوا چەند رۆژێكی تر دەبێتە گۆڵپارێزی ریال مەدرید

:: PM:01:21:17/07/2018 ‌

تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیكی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی تا رادەیەكی زۆر لە گرێبەستكردن لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیك بووەتەوە و چەند رۆژێكی تر گرێبەستەكە رادەگەیەنرێ.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد كە یانەكە لەچەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی گرێبەستی كۆرتوا رادەگەیەنێ كە بەهاكەی 35 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوەكە یانەی چێڵسی رازی بووە بەم بڕە پارەیە كۆرتوای گۆڵپارێزی بدات بە یانەی ریال مەدرید لە ترسی ئەوەی نەوەك لە كۆتایی وەرزی داهاتوو دوای تەواوبوونی گرێبەستەكەی بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر لە دەستی بچێ .

كۆرتوا لە مۆندیالی 2018ی رووسیا لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیكا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و بە باشترین گۆڵپارێزی پاڵەوانیەتییەكەش دەستنیشان كرا، ئەمە وای كرد سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید پەلە بكات لە گرێبەستكردن لەگەڵیدا.

جێی باسە كۆرتوا شارەزاییەكی باشی لە خولی تۆپی پێی ئیسپانیا هەیە و پێشتر بەشێوەی خواستن لە ریزی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یاری كردبوو و لەگەڵ ئەو یانەیەش ناسناوێكی خولی تۆپی پێی ئیسپانیای بەدەستهێنابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م