مەبەستی یەكێتی لە سەردانی لایەنە سیاسییەكان ئاشكرابوو

:: PM:02:36:17/07/2018 ‌
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری دا لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بەسەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكات و داوایان لێ بكات بێنە پاڵ یەكێتی و پارتی تا بەیەك تیم سەردانی بەغدا بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیاریان داوە سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەن بۆ ئەوەیش وەك هەوڵێك بۆ یەكڕی ناوماڵی كورد و دروستكردنی یەك تیم بۆ بەغدا.

بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، یەكێتی دەیەوێت لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ خۆی ئاشت بكاتەوە بە تایبەت دوای هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری ڕابردوو كە كۆمەڵێك نیگەرانی لەلایەن لایەنەكانەوە دروست بوو.

هاوكات قادر حەمەجان ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی پشتڕاستی هەواڵەكەی "وشە"ی كردەوە و ڕای گەیاند، لایەنەكانیش دەتوانن سەردانی یەكێتی بكەن و یەكێتیش سەردانی لایەنەكان دەكات.

بەرپرسەكەی یەكێتی دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە بە مەبەستی سەردانی بۆ بەغدا و دەشیانەوێ‌ تەواوی حزبە كوردستانییەكان بێنە ناو ئەو لیژنەیەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە دوێنی لەسەر ئاستی باڵا مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی كۆبوونەوە و دوابەدوای كۆبوونەوەكەیش ڕایان گەیاند، تاوتوێی پڕۆژەیەكی هاوبەشیان كردووە بۆ ئەوەی بەیەك تیم سەردانی بەغدا بكەن.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم