هەسەدە منبەجی چۆڵ كرد و هەوڵ بۆ پاراستنی ناوچەكانی تر دەدات

:: PM:02:53:17/07/2018 ‌


دواجار هەسەدە لە مەنبەج كشایەوە و هەوڵەكانی دانوستاندنیش لەگەڵ رژێمی بەشاڕ تا ئێستە بە ئەنجامێك نەگەیشتووە، ئەنجوومەنی سووریای دیموكراتیش لە هەوڵی یەكخستنی ئیدارەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیدایە. چاودێران پێیان وایە ئەو هەوڵەی ئەنجوومەنی سووریا بۆ شەرمەزاركردنی ئەمەریكا و بەهێزكردنی پێوەندییەكانیەتی لەگەڵ پێكهاتەكانی ناوچەكانی تر.

دوێنێ 16ی تەمووز ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەجی سەربە هەسەدە، كشانەوەی دوا راوێژكارانی سەربازی هەسەدەی لە شارەكە راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا كە ئەركی ئەوان لە مەنبەج كۆتایی هاتووە.

لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، هەسەدە ئەوەی خستەڕوو كە ساڵی 2016 بە نیاز بوون لە مەنبەج بكشێنەوە، بەڵام كۆمەڵێك راوێژكاری سەربازییان مایەوە بۆ راهێنان پێكردنی خەڵكی شارەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئێستە ئەنجوومەن دەتوانێت ئیدارەی مەنبەج بدات و چیتر پێویستی بە هەبوونی هێزەكانی هەسەدە ناكات.

لای خۆیانەوە هەسەدە پێشتر رای گەیاندبوو كە راوێژكارە سەربازییەكانی لە مەنبەج دەكشێنێتەوە، ئەمەش دوای رۆژێك لە رێككەوتنی توركیا و ئەمەریكا لەسەر مەنبەج.

ئەنكەرە و واشنتن گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر ئەوەی ئەنجوومەنێك لە خەڵكی مەنبەج پێك بهێنرێت بۆ ئیدارەدانی شارەكە و هێزەكانی هەسەدەش دەبێت بكشێنەوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "شام" وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپات لە رێككەوتن لەگەڵ توركیا لەسەر نەخشەڕێی منبەج دەكاتەوە، دوای كۆبوونەوە وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات كە دەبێت هێزەكانی هەسەدە شارەكە چۆڵ بكەن.

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە میدیاكارانی راگەیاندووە كە واشنتن و ئەنكەرە گەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر نەخشەڕێیەك كە زەوینەسازی دیپلۆماسی فراوانتر دەكات و جێبەجێكردنیشی لەسەر زەوی پێویستی بە كات هەیە.

"ئەمەریكا پابەندە بە جێبەجێكردنی ئەو بەرپرسیاریەتییەی دەكەوێتە سەرشانی كە كشانەوەی هەسەدە بەشێك دەبێت لە رێككەوتنەكە". بەرپرسە ئەمەریكییەكە وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو كە لەگەڵ رووسیا لەسەر هێڵن لە رێی كەناڵی تایبەت كە هیچ رووداوێكی نەخوازراو لە نێوانیاندا لە سووریا روو نەدات پێوەند بە دۆخی منبەج و گوتی، "ئەمەریكا گرنگی زۆر بەو پێوەندییە دەدات".

لە بارەی منبەجیش بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئیدارەی شارەكە دەدرێت بە خەڵكی شارەكە و لەمەولا سەرباز حوكمی شارەكە ناكەن.

لای خۆیەوە مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند، پلانی كار لەگەڵ ئەمەریكا رێككەوتنی لەسەر كراوە و لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێت و دەبێت هەسەدە لە شارەكە بچێتە دەرەوە.

لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵات لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پێش كۆبوونەوەی لووتكە لەگەڵ فلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا لە هێلسنكی كە دوێنێ دووشەم ئەنجام درا، پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئەنجام داوە.

بەپێی بەیاننامەی ناوەندی راگەیاندنی سەرۆكایەتی توركیا، ئەردۆغان و ترەمپ دووپاتیان لە جێبەجێكردنی پلانی نەخشەڕێی هاوبەش كردووەتەوە لە شاری منبەج، پێیان وایە ئەو هەوڵەش ئەگەری زۆرە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا بۆ چارەسەری تەنگژەی سووریا بگەڕێنێتەوە دۆخی جارانی.

پێوەندییە تەلەفۆنییەكە كە چەند سەعاتێك پێش كۆبوونەوەی لووتكە ئەنجام درا كە پرسی سووریا تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان ترەمپ و پوتین بوو، هاوكات توركیا پێداگیرە لەسەر لاوازكردنی هەژموونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان كە پێی وایە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا.

كشانەوەی هەسەدە لە منبەج لە كاتێكدایە ئەو هێزە لە 2014ەوە تا ئێستە یەك لەسەر چواری خاكی سووریای لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و بەشی زۆریشی بەشەڕ لە دەستی داعش رزگار كردووە و ئیدارەی داون، ئەمەش گەورەترین ناوچەیە كە هێزێك لە دەرەوەی رژێمی سووریا بتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات و ئیدارەی بدات.

پێوەند بەو پرسە باڵی سیاسی هەسەدە كە یەكینەكانی پاراستنی گەل سەركردایەتی دەكات، دوێنێ دووشەم رای گەیاند كار دەكەن بۆ یەكخستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان.

بەپێی ئەو پلانەی كە ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات لە شاری تبقەی سەر بە پارێزگای رەقە رای گەیاندووە، چەند شارەدێ و شارۆكەیەك بەیەكەوە گرێ دەدات بۆ ئیدارەدانی، هاوكات ئەوەش رەت دەكەنەوە لەگەڵ رژێمی ئەسەد رێككەوتنیان كردبێت بۆ رادەستكردنەوەی ئەو ناوچانە.

رەتكردنەوەی ئەنجوومەنی سووریا ی دیموكرات لە كاتێكدایە مانگی رابردوو بەشار ئەسەد دەرگای گفتوگۆی بە رووی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" كردەوە، هەڕەشەی ئەوەیشی كرد ئەگەر هەوڵەكانی دانوستاندن شكست بهێنن، ئەوا هێز بەكار دەهێنن بۆ گێڕانەوەی ئەو ناوچانە كە نزیك لە هەزار سەربازی ئەمەریكیشی لێیە.

ئیلهام ئەحمەد یەكێك لە هاوسەرۆكانی ئەنجوومەنەكە و یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە هەر ناسراوەكانی كورد لە سووریا دەڵێ، یەكخستنی ئیدارەدانی ناوچەكان بۆ پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكان و دابینكردنی پێویستییەكانی ناوچەكانە.

روونی كردەوە كە دەستپێشخەرییەكە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و ئامانجیش لێی یەكخستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی هەسەدەیە. گوتی "لە رووی دابینكردنی تەناهی و سەقامگیری سوودی دەبێت".

بەپێی راپۆرتێكی "عەرەب" چاودێران پێیان وایە ئەنجوومەنی سیاسی و هەسەدە مەبەستیان لە یەكخستنی یەكە ئیدارییەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان، راكێشانی هەڵوێستی عەرەب و پێكهاتەكانی تری ناوچەكەیە بەلای خۆیاندا بە ئامانجی شەرمەزاركردنی ئەمەریكای هاوپەیمانیان، بەتایبەت دوای ئەوەی واشنتن و ئەنكەرە رێككەوتن لەسەر وەدەرنانی هەسەدە لە مەنبەج.




وشە - فه‌رمان سادق