پارتی لەسەر دەنگی ئاوارەكانی شنگال هاتە دەنگ

:: PM:03:43:17/07/2018 ‌
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك ڕای گەیاند، كەمتەرخەمی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی پێشوو لە عێراق بووە هۆی ئەوەی دەنگی ئاوارەكانی شنگال هەژمار نەكرێ، بۆیە جارێكی تر سكاڵامان تۆمار كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، خالید ئەحمەد بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، 197 سندووقی ئاوارەكانی شنگال كە لە ماوەی سێ رۆژ بە دەست هەژمار كرانەوە، دواتر لەلایەن كۆمسیۆنەوە دەنگەكان حیساب نەكراون.

ڕوونی كردەوە كە بەهۆی بڕیاری كۆمسیۆنەوە لە هەژمار نەكردن دەنگی تەواوی ئاوارەكان بەفیرۆ چووە و كۆمسیۆنیش بە كەمتەرخەم دەزانرێت.

بەرپرسەكەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتی، سكاڵامان تۆمار كردەوە لەسەر كۆمسیۆن بەهۆی ئەو كەمتەرخەمییەی لەكاتی دەنگدانی ئاوارەكان ڕووی داوە و ئێستەیش دەنگەكان هەژمار ناكرێن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە بە هۆی هەژمار نەكردنی دەنگی ئاوارەكان كە 127 سندووق بوو، هیچ كاندیدێكی شارۆكەی شنگال نەیتوانی بگاتە پەرلەمان و شنگال لە نوێنەری خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق بێبەش بوو.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم