باخە گشتییەكەی سلێمانی وشك دەبێ‌

:: PM:05:24:17/07/2018 ‌
باخی گشتی سلێمانی كە كۆنترین باخە لە شارەكە، بەهۆی خزمەت نەكردنەوە ڕووبەڕووی وشك بوونەوە دەبێت و ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، ئەگەر فریای باخەكە نەكەون دەفەوتێت.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، میدیا شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان سەردانی باخی گشتی سلێمانی كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری خزمەتكردنی باخەكە بین.

زیاتر گوتی، تا ئێستە باخی گشتی یەكێكە لەو باخانەی كە زۆرترین هاووڵاتیی سەردانی دەكات بۆ پشوو وەرگرتن بەو پێیەی باخەكە دەكەوێتە ناوەڕاستی شاری سلێمانی.

ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر باخەكە بەوشێوەی ئێستە بمێنێتەوە ئەوە وشك دەبێت و دەفەوتێت، چونكە هیچ خزمەتێكی نییە و بێ‌ ئاوی هەموو     چیمەنەكەی وشك كردووە. ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوا دەکات بە زووترین كات فەرمانگە پێوەندیدارەكان فریای باخی گشتیی بكەن.

باخی گشتی كۆنترین باخی سلێمانییە و لە ساڵی 1937ی لە سەردەمی پاشایەتی دروست كراوە و دەكەوێتە كۆتایی شەقامی مەولەوی و سەرەتای شەقامی سالم و یەكێكە لەو شوێنانەی كە شارەكەی پێ دەناسرێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی









وشە - سه‌رخێڵ هاشم