لە شارۆكەیەکی سنووری پارێزگای سلێمانی دایك و باوكێك منداڵەكەیان فێری دزی دەكەن و پۆلیس دەیانگرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 17ـی تەمووز/ یۆلیۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاوی كردۆتەوە، بەشی پۆلیسی شارەزور بنكەی پۆلیسی وارماوا حەوت تۆمەتباریان گرتووە كە چەندان دزی جۆراوخۆریان کردووە و نێویاندا ژن و مێردێك هەیە منداڵێكی خۆیان بەكار هێناوە بۆ دزی کردن.
بەپێی هەواڵەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ژن و مێردێك گیراون كە لە دووكان و ماڵان دزییان کردوە، بە بەكارهێنانی منداڵێكی خۆیان، هەروەها تۆمەتبارێك گیراوە كە هەستاوە بەفێڵكردن لەڕێگەی وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتیان گوایە دەیاننێرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئێستە سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەندن و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە.
بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان چەندین جۆر لە دیاردەکانی سواڵكردن و دزی و فێڵكردن تەشەنەی کردووە و لە ماوەی ڕابردووش هەڵمەتێك بۆ کۆکردنەوەی ئەو سواڵکەرانە دەستی پێ کرد کە لە تڕافیكەكانن كاری فێلكردن لە شوفێرانیان کردبۆ پیشەی خۆیان.