هاوپەیمانی ناودەوڵەتی لەبارەی ئۆپراسیۆنەكەی قەرەچووغ بەیاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە

:: PM:07:32:17/07/2018 ‌

هاوپەیمانی ناودەوڵەتی دژ بەداعش بەسەركردایەتی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی هاوبەشیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە چیای قەرەچووغ سەر بە شارۆكەی مەخموو لە رۆژئاوای پارێزگای هەولێر لەدژی ئامانجەكانی داعش ئەنجام داوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی هاوپەیمانیەتییەكە كە ئەمڕۆ سێشەم بڵاو كراوەتەوە، هێزی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنێكی پاككردنەوەی شارۆكەكەیان لەدژی چەكدارانی داعش لە 16ی ئەم مانگە ئەنجام داوە و توانراوە حەشارگەیەكی داعش لە چیای قەرەچووغ لەناو ببرێت.

بەیاننامەكە لە مێجۆر جەنەراڵ جیمس جارارد، فەرماندەی گشتیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە هاوپەیمانی ناودەوڵەتی دژ بە داعشی گواستەوە كە دوێنێ هاوبەشانمان ئازایانە خەباتیان كرد، لەو كاتەی بەردەوامن لە نەهێشتنی پاشماوەی ئەو دوژمنە دڕندانە لە وڵاتەكەیان.

زیاتر گوتی، ئەو رێوشوێنانە دەیسەلمێنن كە دوژمن ناتوانێت خۆی حەشار بدات و هاوبەشانی ئێمەیش مەشقی باشیان پێ دراوە و لە دۆزینەوەی تیرۆریستان لەهەر شوێنێك بەردەوام دەبن و ئێمە شانازی بەكاركردن لەگەڵ ئەو هێزە ئازا و پیشەگەرانە دەكەین كە قوربانی زۆریان داوە.

بەرەبەیانی دوێنێ دووشەم فڕۆكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی ناودەوڵەتی چەند ئامانجێكی داعشیان لە چیای قەرەچووغ لە دووری 70 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای هەولێر بۆردومان كرد، هاوكات هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی زەوینیان لە ناوچەكە ئەنجام دا بۆ راوەدوونانی پاشماوەی چەكدارانی داعش و خانەكانی لە ناوچەكە.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل