پۆستی سكرتێری پەرلەمان نەما.. پەرلەمان چەند گۆڕانكارییەكی لە پێرەوی ناوخۆدا کرد

:: PM:09:05:17/07/2018 ‌
گفتوگۆكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پێرەوی ناوخۆی بەردەوامە و تا ئامادەكردنی ئەو هەواڵە بەشێكی زۆر لە مادە و بڕگەكانی پێرەوە نوێیەكە پەسەند كراوە، بەڵام هێشتا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەنگ بە تەواوی پڕۆژەكە نەدراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 17ی تەمووز/ یۆلیۆ، پەرلەمانی كوردستان  كۆبویەوە و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی دەكات. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاواز حەمید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە لێدوانی بۆ" وشە" داوە بەشێكی زۆر لە مادە و بڕگەكانی پێرەوەكە پەسەند كراون.

پەرلەمانی كوردستان لە پێڕەوی ئەمجارەدا پابەندی چەند كارێك دەبێت لەوانە ئەگەر لەكاتی پشوودا بودجە گەیشتە پەرلەمان، پێویستە پەرلەمان پشووەكەی كۆتایی پێ بهێنێت و تاوتوێی بودجە بكات، هاوكات سكرتێری پەرلەمان نەما و بوو بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان.

بەپێی پێرەوی نوێی پەرلەمان، ئیتر ئەنجوومەنی دادوەریش بۆی هەیە پڕۆژەیاسا پێشكەش بە پەرلەمان بكات و پێویستیشە لە پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی یەكێكیان ژن بێت.

لە بەشێكی تری پێرەوە نوییەكەدا ئەوە جێگیر كراوە كە هەر پەرلەمانتارێك لە پەیڕەوی فراكسیۆنەكەی لابدات یا جیابێتەوە، فراكسیۆنەكەی بۆی هەیە دووریبخاتەوە و بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن كەسێكی تر لە شوێنی دیاریبكات.

پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستە یەكجار هەموار كراوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ماوەتەوە كە بۆ ئەم خولەی پەرلەمان ئەو پێرەوە نوێیە بەكار بخرێت یان خولێكی تر و تا ئێستەیش ئەوە لەنێوان پەرلەمانتاران یەكلا نەبووەتەوە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم