نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق راگەیاند

:: PM:09:15:17/07/2018 ‌

لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان لە زۆرینەی ناوچەكانی عێراق و هەوڵەكانی حكوومەت بەچەندان رێگە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە لەئەگەر لەدەست دەرچوونی، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نیگەرانی خۆی لەئەگەری بەردەوامی ئەو دۆخە رادەگەیەنێت.

لای خۆیەوە یان كۆبیچ، نوێنەری تایبەتی ئەمنیداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی رێكخراوەكەی دەربڕی و رای گەیاند، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین هەموو داواكانی خەڵك بێنێتە دی و رێز لە مافەكانی رەوای گەل بگرێت، داوایش لە لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە لە حكوومەتی نوێ چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی بكەنە كاری لەپێشینەیان بەمەبەستی پەرەپێدانی ئابووری و پێشكەوتن و دابینكردنی هەلی كار و پێشكەیشكردنی خزمەتگوزارییەكانی پێویست بۆ خەڵك.

بەیاننامەكە دەڵێت، هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەین لەبەرانبەر ئەو توندوتیژی و كاری تێكدەرانەی هاوەڵی خۆپێشاندانەكان بوون و دڵگرانین بە كەوتنەوەی قوربانی و وێرانبوونی سامانی گشتی و تایبەت لەوانە دامەزراوەكانی دەوڵەت و نەوتی و ژێرخان و دووپاتی كردەوە كە ئەگەر ئەو كارانە بەردەوام بن زیان بە دۆخی تەناهی و ئابووری وڵاتەكە دەگەیەنن.

ئەمڕۆ بەشێك لە لاپەڕەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی سازكردنی خۆپێشاندانێكی یەكگرتوو و فرەوانیان لە پارێزگاكانی بەسڕە و میسان و واست و دیوانییە و سەماوە و زیقاڕ و كەربەلا و نەجەف و بابل و بەغدا لە رۆژی هەینی 20ی ئەم مانگە بڵاو كردووتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل