فڕۆكەخانەی نەجەف.. ئەوەی عەبادی پێی نەكرا نەجەفییەكان كردیان

:: PM:09:28:17/07/2018 ‌

ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف ئاشكرای كرد كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەوە رازی بووە كە داهاتی فڕۆكەخانەی ناودەوڵەتی نەجەف بۆ پارێزگاكە بێت و خۆپێشاندەرانی نەجەفیش دووپاتی دەكەنەوە كە گۆڕینی كارگێڕی فڕۆكەخانەكە بۆ خەڵكی نەجەف تۆمار دەكرێت نەوەك بۆ عەبادی.  

زوهێر جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف لەو بارەوە گوتی، دوێنێ سەرۆك وەزیرانی عێراق بە پێشنیازی ئێمە رازی بووە بەوەی داهاتی دارایی فڕۆكەخانەی نەجەف بۆ پارێزگاكە خەرج بكرێت و دوای بڕیارەكەیش هیچ كێشەیەكمان نەماوە لەبارەی ئەوەی فڕۆكەخانەكە سەر بە كام لایەنە، چونكە داهاتەكەی بۆ پارێزگاكە دەبێت. 

لای خۆیەوە و لە بەیاننامەیەكی "بزاوی سەربەخۆی مەدەنی" لە نەجەف كە نوێنەرایەتیی خۆپێشاندەران دەكات، رای گەیاند كە گەنجانی راپەڕیوی نەجەف بەڕووی ئەو پێنج حزبە وەستانەوە كە فڕۆكەخانەكەیان بەڕێوە دەبرد، ئەوانیش حزبی دەعوە و حیكمە و سائیروون و وەفای ئەنبار و رەوتی دەوڵەتی دادوەرن و ئەو گۆڕانكاریەیشی لە بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكە رووی داوە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە نەوەك بۆ عەبادی.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی هەموو لایەنە بەرپرسیارەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگار و تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عێراقیش كە رێز لە بڕیارەكەی بە گۆڕینی كارگێڕی فڕۆكەخانەكە نەگیرا، نەیانتوانی بچنە ناو فڕۆكەخانەكە و گەنجانی راپەڕیو چوونە ناو فڕۆكەخانەی ناودەوڵەتی نەجەف و راپەڕین لە گۆڕەپان و لە میدیاكانەوە بەردەوام دەبێت و راوەدووی گەندەڵكاران بە یاسا و دەستوور دەبینەوە.  

شەوی هەینی رابردوو نەجەف راپەڕینێكی فرەوانی جەماوەری بەخۆیەوە بینی و خۆپێشاندەران هەڵیان كوتایە سەر فڕۆكەخانەی شارەكە و تا ساتەكانی بەرەبەیان كۆنترۆڵیان كرد، هەروەها ئەوان  ئاگریان لە ماڵی سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕی فڕۆكەخانەكە بەردا كە سەر بە حزبی دەعوەیە، جیا لە سووتاندنی ماڵی جێگرەكەی كە پێشتر لە رەوتی سەدر جیابووەوە.

بەپێی سەرچاوەكان نزیكەی 10 هەزار خۆپێشاندەر رژانە سەر شەقامەكانی نەجەف و دووجار هەڵیان كوتایە سەر فڕۆكەخانەكەی و دواتر ماڵی دوو لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی فڕۆكەخانەكەیان سووتاند كە بەو هۆیەوە كاركەرێكی ئافرەتی بیانی لە ماڵێكیان سووتا، خۆپێشاندەران دەڵێن ئەو دوو كەسە دەست بەسەر ملیۆنان دۆلاری داهاتی فڕۆكەخانەكە دەگرن كە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەكانی لە فڕۆكەخانەی بەغدا زیاترە، چونكە شوێنی گیرسانەوەی سەردانیكارانی ئێران و وڵاتانی كەنداو پاكستان و هیندستانە بۆ مەزارە پیرۆزەكانی شیعە لە نەجەف و كەربەلا. 

پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق زیاتر لە جارێك شكستی خوارد لە سەپاندنی دەسەڵاتی حكوومەتەكەی بەسەر فڕۆكەخانەی نەجەف و گۆڕینی سەرپەرشتیارانی، چاودێران پێیان وایە كە فڕۆكەخانەكە بووبووە رەنگدانەوەی سووكایەتیكردنی چەند كەسایەتییەكی پاڵپشتیكراو لەلایەن پارتە باڵادەستەكان بە بڕیارەكانی حكوومەتی عێراقی. 

نەجەفییەكان دەڵێن، ئەو دوو كەسایەتییەی ماڵەكانیان سووتێندرا، هەموو هەلی كاری ناو فڕۆكەخانەكەیان بەدەستی خۆیان قۆرخ كردبوو و هەموو گرێبەستەكانیشیان دەدایە كۆمپانیاكانی سەر بەخۆیان و كۆمپانیایەكی پاسەوانی تایبەتیشیان دامەزراند و گرێبەستی پاراستنی فڕۆكەخانەكەیان بە بەهای ملیۆنان دۆلار پێ دابوون، هەروەها زانیاری هەیە بەوەی فڕۆكەخانەی نەجەف بووبووە سەنتەرێكی سەرەكیی بۆ قاچاغی چەك و مادەی هۆشبەر لە نێوان عێراق و هەریەك لە ئێران و لبنان و سووریا.

باسی گەندەڵییەكانی فڕۆكەخانەی نەجەف لە مانگی نۆڤێمبەری 2017 دیار كەوت و ئەو كات عەلی شوكری، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارێزگای نەجەف لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند كە كەس بوێری ناكات دۆسیەی گەندەڵی ئەو فڕۆكەخانەیە بكاتەوە، چونكە پارتەكان لە نێوان خۆیاندا داهاتەكەیان دابەش كردووە و نایەڵن هیچ جموجۆڵێك بەو ئاراستەیە هەبێت. ئەو كاتەیشی رای گەیاندووە كە فایلێكی گەندەڵی فڕۆكەخانەكەی لایە، سێ كەس لەو پارتانە بەدوای دەكەون.

ئەو دەڵێت كە داهاتی فڕۆكەخانەكە دەچێتەوە گیرفانی پارتەكان، كەچی لە 2004ەوە تا ئێستەیش ئەوان باسی نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن كە پێنج لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی لە پێنج هێزە گەورەكەن، واتە پارتە دەسەڵاتدارەكان.

بەپێی سەرچاوەكان كارگێڕیی فڕۆكەخانەی نەجەف مانگانە بڕی 12 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی نایاسایی داوەتە هەندێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە، لەو بارەوە نزار مەلالی، شارەزای یاسایی رای گەیاند كە داهاتی ساڵانەی فڕۆكەخانەكە سەرەڕای ئەو پارەی دەدزرێت دەگاتە 30 ملیۆن دۆلار و چالاكێكیش دەڵێت كە بڕی 300 هەزار دۆلار دراوە بە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگا كە دەنگ بۆ دانی نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەكە بە وەبەرهێنەرێكی نزیك لە پارتێكی سیاسی داوە. 

لە نۆڤێمبەری پارساڵ و لە دوای دروستبوونی مشتومڕێكی زۆر لەبارەی دۆسییەی گەندەڵی ئەو فڕۆكەخانەوە دەستەی دەسپاكیی عێراق بڕیاری قەدەغەی گەشتكردنی خستە سەر سەرۆك و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف، تا كاتی یەكلاكردنەوەی هەموو دۆسییەی گەندەڵی فڕۆكەخانەكە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كارگێڕیی فڕۆكەخانەكەی بەشێوەیەكی كاتی و پێدانی سەرپەرشتیكردنی بۆ دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی دا، لە دوای تاوتوێكردنی ئەو پێشێلكارییە یاسایی و تۆمەتانەی گەندەڵی لەدژی كارگێڕییەكەی خرابوونە روو، لەوانە گرێبەستی دروستكردنی رێڕەوی فڕین كە تێچووەكەی تەنیا 22 ملیۆن دۆلار بووە و بە 72 ملیۆن دۆلار پێشكەش كراوە و هۆڵی رۆیشتووانیش كە تێچووەكەی 35 ملیۆن دۆلار بووە و بە 105 ملیۆن دۆلار پێشكەش كراوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل