ئەشكەوتێكی سەردەمی زەردەشت دۆزرایەوە

:: PM:09:54:17/07/2018 ‌
ئەشكەوتێكی سەردەمی زەردەشت دۆزرایەوە لە سەرووی سەیرانگای گوندی گۆڵێی سنووری شارۆكەی پێنجوێن و لە دامێنی چیایەكی سەركەشی ناوچەكە، ئەشكەوتێكی گەورە هەیە كە هێشتا بە تەواوی شوێنەكە لای خەڵكی ئاشكرا نەبووە و وەك پێویستیش كاری پشكنین و گەڕانی بەدوای ئاسەواری كۆن بۆ نەكراوە.

عەبدولباقی قادر شوێنەوارناس و شارەزا لە مێژووی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ئەشكەوتە یەكێكە لە ئەشكەوتەكانی گوندی گۆڵێ و تا ئێستە ئەشكەوتەكە نەزانراوە و هەروەها گەڕان و پشكنینی بۆ نەكراوە، بەڵام ئەو ئەشكەوتە كاتی خۆی لەلایەن گوندنشینەكانەوە لە كاتی رژێمی بەعسی سەردەمی عەبدولڕەحمان و عەبدولسەلام كە بۆردمانی گوندەكانیان كردووە، خەڵكی  لەو ئەشكەوتە خۆیان شاردۆتەوە.

شوێنەوار ناسەكە دەڵێت، ئەو ئەشكەوتە هەرچەندە نەناسراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان هیچی لە ئەشكەوتەكانی تر كەمتر نییە و ئەگەر پشكنینی بۆ بكرێت بەشێكی زۆر لە ئاسەواری كۆنی تێدا دەدۆزرێتەوە.

" پێشتر لەنزیك ئەشكەوتەكە شارێك هەبووە پێیان گوتووە (قەڵاتە رەش) و بەپێی ئەو  گۆڕستانە فراوانەی لێرە هەیە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلامی و بە تایبەتیش سەردەمی ئاینی زەردەشتی، لەو كاتانە خەڵكی ئەو ناوچەیە پەیڕەوی ئاینی زەردەشتیان كردووە". عەبدولباقی وا دەڵێت. لە ئەشكەوتەكەدا پیرێك هەیە كە بەگوێرەی قسەی شوێنەوار ناسەكە پێی دەڵێن (پیربەقۆس).

گوندی گۆڵێ نزیكەی 40 كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و زیاتر لە 30 ماڵی تێدایە و بەهۆی هەبوونی سەیرانگای بەناوبانگی "گۆڵێ"شەوە، ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی






وشە - سه‌رخێڵ هاشم