چالاكوانانی بەسڕە 10 رۆژ بۆ حكوومەت دیاری دەكەن

:: PM:10:56:17/07/2018 ‌

خۆپێشاندانەكانی بەسڕە بەردەوامە و ژمارەیەك چالاكی مەدەنی و كەسایەتی لە ناوچە جیاوازەكانی بەسڕە داوا لە حكوومەت دەكەن بە پێویستی گوێگرتن لە داواكاریی خەڵكە ناڕازییەكە و كاركردن بۆ جێبەجێكردنیان لە ماوەی 10 رۆژدا.

چالاكان ئەمڕۆ سێشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەسڕە دووپاتیان لە شێوازی ئاشتییانە و بەردەوامیی ناڕەزاییەكان كردەوە و لە سبەی چوارشەمەوە ماوەی 10 رۆژیان بۆ هەردوو حكوومەتی ناوەندی و ناوخۆیی بەسڕە دیاری كرد بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتییان.

چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی دووپاتیان لە گرنگی پێكهێنانی لیژنەی ئاشكراكردنی بەكارهێنانی گولەی راستەقینە لەدژی خۆپێشاندەران و ئاشكراكردنی تێوەگلاوان كرد و داوای قەرەبووكردنەوەی مایەكی و مانەوی كەسوكاری قوربانیانیان كرد. 

لەلایەكی تر سەرچاوەیەك لە پارێزگای بەسڕە رای گەیاند كە ئێستە خۆپێشاندەران بەهۆی داواكارییەكانیان بوونەتە دوو بەشەوە، بەشێكیان لە سەرەتای ناڕەزایەتییەكان داوای باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی هەلی كاریان دەكرد، بەڵام ئێستە بەشێكیان درووشم لەدژی پارتە سیاسییەكانی ناو دەسەڵات دەڵێنەوە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە ژمارەی ئەو خۆپێشاندەرانەی كە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەكانەوە لە پارێزگاكانی باشووری عێراق گیراون، گەیشتوونەتە 600 كەس كە زۆرینەیان لە كاری توندوتیژییەوە تێوەگلاون.

لای خۆیەوە عەمید یەحیا رەسووڵ گوتەبێژ بەناوەی سەنتەری راگەیاندنی تەناهی ئەمڕۆ سێشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە تا ئێستە 262 كارمەندی تەناهی بریندارن و دۆخی شەشیان سەختە. 

ئەمڕۆ خۆپێشاندانەكان بۆ نۆیەم رۆژ بەردەوام بوون و نزیكەی 250 خۆپێشاندەر كە لە دەروازەی سەرەكیی كێڵگەی نەوتی زوبێر لە بەسڕە كۆ بووبوونەوە، لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە بڵاوەیان پێ كرا.

لای خۆیەوە سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق كوژرانی هەشت خۆپێشاندەر و برینداربوونی 56ی تری لە خۆپێشاندانەكانی دوایی كە لە 8ی ئەم مانگەوە تا ئێستە بەردەوامە، راگەیاند و بریندارەكانیش دۆخی حەوتیان مەترسیدارە  

سەرچاوە/ ئەلمربەد




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل