شاجوانە كوردەكە هۆكاری هەموو نەهامەتییەكانی ئۆزێل بووە!

:: AM:09:10:28/07/2018 ‌

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان، شاجوانە كوردەكەی توركیا هۆكاری سەرەكی وێنەگرتنی مەسعوود ئۆزێلی ئەستێرەی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بووە لەگەڵ سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان كە بەهۆیەوە یاریزانەكە وازی لە یاریكردنی ناودەوڵەتی و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هێنا.

رۆژنامەی (بیڵد)ی ئەڵمانی ئاشكرای كرد: ئەمینە گوڵشەن كە بەڕەگەز كوردی باشوورە و پێشتر شاجوانی توركیا بووە و ماوەیەكیشە لەگەڵ ئۆزێل پەیوەندی خۆشەویستی هەیە، ئەو داوای لە ئەستێرەكەی ئارسناڵ كردووە وێنە لەگەڵ ئەردۆگان بگرێ.

بنەماڵەی ئەمینە بەشێوەیەكی گشتی هەواداری ئەردۆگانن و ماوەیەكی زۆرە پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆكی توركیا هەیە و لەیەكترەوە نزیكن، ئەمە لە كاتێكدایە كە باوكی ئەمینە خەڵكی كوردستانی باشوورە و دایكیشی خەڵكی ئەستەمبۆڵی توركیایە و ماویەكی زۆریشە لە وڵاتی سوێد ژیان بەسەر دەبەن.

رۆژنامەی بیڵد ئاشكرای كرد كە ئەمینە پێداگیری لە ئۆزێل كردووە وێنە لەگەڵ ئەردۆگان بگرێ و بڵاویشی بكاتەوە وەك پاڵپشتییەك بۆ هەڵبژاردنەكانی رابردووی توركیا، چونكە ئەو یاریزانە بەڕەگەز كوردە بەر لەوەی ببێتە خۆشەویستی ئەمینە چەند جارێكی تر چاوی بە ئەردۆگان كەوتبوو، بەڵام وێنەی لەگەڵ نەگرتبوو.

بڵاوبوونەوەی وێنەكەی ئۆزێل لەگەڵ ئەردۆگان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەنگۆیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەتایبەتیش دوای دەركردنی هەڵبژاردەكە لە قۆناغی كۆمەڵەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا و ئەمە وای كرد یاریزانەكەی ئارسناڵ بڕیاری وازهێنانی یەكجاری لە یاریكردنی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا رابگەیەنێ.

لای خۆشییەوە ئەردۆگان سەرۆكی توركیا چەند رۆژێك پێش ئێستا رەخنەی توندی لە رۆژنامە و دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا گرتبوو لەبەرامبەر ئەم هەڵسوكەوتەی بەرامبەر ئۆزێل نواندبوویان و جەختیشی كردبووەوە كە ئەمەی بەرامبەری دەیكەن رەگەزپەرستییە دژی ئاین و نەتەوە.
 
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م