پێشبینی بارانبارین لە كوردستان دەكرێت

هاوینی ئەمساڵی كوردستان بە بەراورد لەگەل ساڵانی ڕابردوو ئاساییە و تەنیا شەپۆلی گەرمی كورتخایەن ڕووی لە كوردستان كردووە، ئەمەش وا دەكات زستانی ئەمساڵ سارد و باراناوی بێ و لە ناوەڕاستی ئەیلوول باران لە كوردستان ببارێت.

ئەمڕۆ دووشەم 30ـی تەمووز/ یۆلیۆ، هەمزە شكاك شارەزای بواری كەشناسی و بوومەلەرزە  بۆ "وشە" گوتی، وەرزی هاوینی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرما لە ئاست چەند ساڵی رابردوودا گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا هاتووە، تا ئێستە دوو شەپۆلی گەرمی كورتخایەن ڕووی كردووەتە هەرێمی كوردستان.

ئەو شارەزایە گوتی، بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما تەنیا چەند رۆژێك بووە لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو كە ئەمساڵ هەشت ڕۆژی گەرم تۆمار كراوە بە گەیشتن بە 49 پلە لە كاتێك ساڵی ڕابردوو وەك ئەمڕۆ 29 ڕۆژ ئەو پلەیە تۆمار كراوە.

ئاماژەی دا، ئەو جیاوازییانە ئەوەمان بۆ دەردەخات ساڵێكی تەواو جیاوازمان دەبێت لە دابەزینی پلەكانی گەرما و رێژەی بارانبارین لە وەرزەكانی بارانباریندا زیادبوونی ڕووداوە سروشتییەكانی كەشوهەوا.

بەپێی پێشبینییە سەرەتایییەكان، دەسپێكی بارانبارینی ئەمساڵ بە ئەگەرێكی بەهێزەوە دەكەوێتەوە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول بۆ ناوچە شاخاوییەكان و ناوەندی شارەكانیش پلەكانی گەرمای بە تەواوی لێ‌ دادەبەزێت. هەمزە وای گوت.

هاوكات لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هاتووە، پلەكانی گەرمای مانگی تەمووزی پار ساڵ گەرمتر بوو بە پلەكانی گەرمای مانگی تەمووزی ئەم ساڵ، هەروەها كاریگەریترینیان شەپۆڵی گەرما لە ساڵی ڕابردوو لە 22-7-2017 بوو بە ڕادەیەك پلەكانی گەرما ڕێژەی پێوانەی تۆماركرد.

ئاماژە دراوە، لە ساڵی ڕابردوو سەنتەری پارێزگاكان هەولێر 47 پلە و هەڵەبجە 47 پلە و كەركووك 48 پلە و كەلار 50 پلە  و خەبات 50 پلە  و خورماتوو 49 پلە و خانەقین 53 پلەی سیلیزی تۆماركرد.

لە ڕاگەیەندراوەكەی كەشناسی ڕوون كراوەتەوە، ئەگەر پلەی گەرمای سەنتەری پارێزگای هەولێر وەربگرین بۆ نموونە پار ساڵ 17 رۆژ بەرزترین پلەكانی گەرما لە سەرووی 44 پلەی سیلیزی بووە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا پێنج رۆژ لە سەرووی 44 پلەی سەدی بووە، تەنیا یەك رۆژیش پلەی گەرمای سەنتەری هەولێر گەیشتووەتە 46 پلەی سیلیزی، بەڵام پار ساڵ چوار جار گەیشتووەتە 46 پلەی سیلیزی.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، سەبارەت بە ناوچەكانی تریش هەمان جیاوازی و بەراوورد كاری دەگونجێت، بەڵام بە داتاو پلەی گەرمای جیاوازی.

هەرێمی كوردستان كاریگەرە بە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، بۆیە زستانی سارد و باراناوییە و هاوینیشی گەرم و وشكە.



وشە - رامیار جەواد


AM:10:35:30/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 11016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌