نەرمین: هاوسەرەكه‌م پیاوی بۆ ده‌هێنامه‌ ماڵه‌وه‌ و لەشفرۆشی پێ دەكردم

:: PM:01:14:04/08/2018 ‌
نەرمین ژنێكی تەمەن 35 ساڵە، دانیشتووی دەڤەری ڕاپەڕینە و خاوەنی دوو منداڵە، لە لایەن هاوسەرەكەی بە زۆر لەشفرۆشی پێ كراوە و پیاوی بردووەتە ماڵەكەی، ئەو ئێستە لە ماڵی سەرۆك خێڵەكەیانە و دەڵێ، لەو ژیانە هەڵاتووە كە هاوسەرەكەی بۆ هەڵبژاردووە، بەڵام لاشی ڕوون نییە كە بە چی دەگات و چی بەسەر دێت.

نەرمین چیرۆكیی ژیانی لە لەشفرۆشەوە بۆ خزمەتكاری ماڵی سەرۆك خێڵ، بۆ "وشە" باس دەكات و گوتی، تەمەنم 26 ساڵ بوو هەموو هیوا و خەونم ئەوەبوو كە هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی باشدا بكەم و بگەم بە ژیانێكی ئارام، باوكم نەمابوو چاوەڕێم دەكرد پیاوێك ببێت بە هاوسەر و هاودەم و ناز هەڵگرم و جێیی باوكم بۆ بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی هاتە ژیانم وەك گەڵای دار ڕۆژەكانی تەمەنمی هەڵوەراند، بەجۆرێك پیاوەتی لەبەرچاو خستم لەو بڕوایەدا نیم جارێكی تر بتوانم بڕوا بە باوكی خۆشم بكەم ئەگەر لە گۆڕ بێتە دەرەوە و  زیندوو ببێتەوە.

بەگوێرەی قسەی نەرمین چەند ساڵی سەرەتا لەگەڵ ماڵی خەسووی ژیاون، ئەوكات تەنیا كێشەی خەسوو و خوشكی مێردی هەبووە وەك بەشێك لە هەر بووكێك كە دەچێتە ماڵی خەسووی، بەڵام دوای ئەوەی ماڵیان جیا كردووەتەوە و خانوویان كڕیوە "هاوڕێ"ی هاوسەری كەوتووەتە ژێر قەرزێكی زۆر، بۆ دانەوەی قەرزەكانیشی پەنای بۆ فرۆشتنی جەستەی ژنەكەی بردووە.

قبووڵم نەبوو بەهیچ جۆرێك ئەو كارە بكەم، بەڵام وەك ئاژەڵ دەكەوتە گیانم و بە شەق و زلە و قایش لێی دەدام، دەینەڕاند بەسەرمدا خۆ كەست نییە بابە گەوادەكەت لە بن گڵ نایەتە دەرێ، داكیشت دوو ڕۆژی تر دەمرێ، خوشك و زاواكانیشت بە شەق دەرت دەكەن، هەر منت هەیە دەبێت من چیم بوێ بیكەی، دەنا خۆت و منداڵە سەگەكانیشت دەتۆپێنم، بەناچاری ڕازی بووم، هەر جارە و كەسێكی دەهێنایەوە خۆیان سەر خۆش دەكرد جا هاوسەرە گەوادەكەم ماڵی بۆ چۆڵ دەكرد.

خوا لە ناو دەمی بدات منی بەجۆرێك پیس كرد قەت پاك نابمەوە، نە كەسێك بوو نە دوو نە دە هەرچی قەرزی لەسەر بوو بەمنی دایەوە، دواتر وای لێ هاتبوو دەیویست منداڵەكان و خۆشی بە من بژێنێت، بەلام نەمهێشت بۆی بچێتە سەر. نەرمین وای گوت.

نەرمین نایشارێتەوە كە تاوانی خۆیشی لەو كارەدا هەبووە، گوتی دەبوو پەنام بۆ شتی تر ببردایە، بەڵام لە بێكەسی خۆم و لە تاو منداڵەكانم نەمزانی چی بكەم، نەمدەوێرا شكاتی لێ بكەم خۆ كەس بڕوای نەدەكرد و دوای بوختانێكی گەورەی پێ دەكردم و بە كوشتنیشی دەدام.

من ئێستە ئەو قسەیە  بۆ هەموو ژنێك دەكەم "مردن هەزار جار ئاسانتر و ئاسوودەتر و شەریفانە و سەربەرزانەترە لەوەی لەو پیسییەدا بژی كە من ژیام و بەم ڕۆژەی گەیاندم، ئێستە ژیانم پارێزراوە، بەڵام ئەمە تەنیا قسەیە من ئابڕووم چوو لێرەش لە ژێر ڕەحم و قسەی ئەوان دەژیم بە سەرشۆڕیی".

پاش زیاتر لە چوار ساڵ لە كاری لەشفرۆشی، نەرمین بڕیار دەدات بە هەرجۆرە قوربانییەك بێت واز لەو كارە بێنێت، جا ئەگەر ئەو قوربانییە لەناوبردنی خۆی و منداڵەكانیشی بێت، بۆیە لە ماڵ ڕادەكات و دەچێتە ماڵی خاڵی دایكی لەوێشەوە دەیبەنە مالی سەرۆكی خێڵەكەیان، ئەو باس لەوە دەكات كە هیچ كەس لە زمانی ئەو چیرۆكی لەشفرۆشی پێكردنی نەبیستووە، بەڵام دەڵێت هەمووان بیستوویانە و لەبەر كەرامەتی خۆیان ددانی پێدا نانێن، بۆیە وەك خزمەتكارێكی داوێن پارێزراو ئێستە كارم پێ دەكەن.

دوای مانگێك لە ڕۆیشتنی نەرمین بۆ ماڵی سەرۆك خێڵەكەیان، هاوڕێی هاوسەری بانگ دەكرێت و هەر لەوێ بە شێوەی عەشایەری لە یەكیان جیا دەكەنەوە، بەڵام لەبارەی بینینی منداڵەكانی هیچ قسەیەك نەكراوە و تا ئێستەیش بۆی ڕوون نییە دەتوانێ جارێكی تر منداڵەكانی ببینێتەوە یان نا.

لەبارەی داهاتووی خۆی و منداڵەكان نەرمین گوتی، نازانم چیم بەسەر دێت، منداڵەكانیشم نزیكەی حەوت مانگە هەواڵیانم نەبیستووە و نازانم چۆنن و چی دەكەن، لێرە دەمێنمەوە تا دەمرم یان بە دڵی ئەوان دووبارە دەمدەنەوە بە پیاوێك لە ژێر ڕەحمەتی خۆیان هیچی نازانم، بەڵام ئەوەی زۆر لێی دڵنیام ئەوەیە تا ماوەیەكی تر ئاوا دوور لە منداڵەكانم بژیم دڵنیام دەمرم، ئێستە هەموو شتێكم لە دەست چووە، بۆیە لە دەستدانی ژیانی پووچیی ئێستەم، زۆر ئاسانترە لەوەی پێش هاوسەرگیری لە دەستم داوە.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان.





وشە - باز ئه‌حمه‌د