ڕۆژنامەیەكی سعوودی ئاشكرای كرد، تیرۆریستانی داعش خەریكی خۆڕێكخستنەوەن و دەیانەوێ دووبارە دەست بەسەر ناوچەكانی پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق بگرنەوە، ئەو زانیارییانەیش چەند تیرۆریستێكی داعش دوای گرتنیان لە كاتی لێكۆڵینەوە دركاندوویانە.
سەرچاوەیەك لە هێزە تەناهییەكانی عێراق بە ڕۆژنامەی "
عوكاز"ی سعوودی ڕاگەیاندووە، تیرۆریستە گیراوەكان ددانیان بەوەدا ناوە، كە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بەرنامە و پلانی وردیان هەیە و دەیانەوێ دەست بەسەر ناوچەكانی پارێزگای ئەنبار بگرنەوە.
سەرچاوەكە هێمای بۆ ئەوەیش كرد، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەگەڵ تیرۆریستەكان، چەندان بارەگای نهێنی و كۆگای چەكی چەكدارانی داعش لە بیابانی ئەنبار دۆزراونەتەوە و هێزەكانی دژە تیرۆر بە شێوەیەكی نهێنی هەڵیانكوتاوەتە سەر ئەو بارەگا و كۆگا نهێنییانەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.
ئاماژەی دا، یەكێك لە بارەگاكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كەوتووەتە سەر سنووری نێوان عێراق و ئوردن، بەوهۆیەوە هەواڵگری عێراق زانیاری لەگەڵ ئوردن ئاڵوگۆڕ كردووە و لەم حاڵەتە ئاگاداری كردوونەتەوە.
ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەكە بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتێكدایە كە تیرۆریستانی داعش لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بە شێوەیەكی فرەوان لە ناوچەكانی باشووری كەركووك و باكوری سەڵاحەدین و رۆژئاوای دیالە كۆ بوونەتەوە و بەردەوام چالاكی و كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان، تا ئێستە نزیكەی سێ هەزار چەكداری داعش لە عێراق ماون و چەندان گوندی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانیش بەهۆی چالاكی تیرۆریستانەوە چۆڵ كراون.