ئێران لە عەبادی تووڕەیە

:: PM:03:16:08/08/2018 ‌

ئێران لە دوایین لێدوانی فەرمی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران تووڕە بووە و پێی وایە عەبادی خۆی بۆ ئەمەریكا شیرین كردووە تا دووبارە لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەم لەبارەی دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران گوتی، لەگەڵ سزاكانی ئەمەریكا دژی ئێران نییە، بەڵام لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق پێڕەوی لە سیاسەتی ئەمەریكا دەكات.

ئەم قسەیەی عەبادی بە دڵی ئێران نەبووە، بۆیە لە ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی ئێران "ئیرنا" لە دژی عەبادی راپۆرتێك بڵاو كراوەتەوە و لە راپۆرتەكەدا دەردەكەوێت ئێران چاوەڕوانی ئەو قسەیەی لە عەبادی نەبووە و پێی سەیر بووە بە ئاشكرا پشتیوانی لە سزاكانی ئەمەریكا كردووە.

لە راپۆرتەكە رەخنەی توند لە عەبادی گیراوە لەوەی سزا یەكلایەنەكانی ئەمەریكای لەگەڵ سزا نێودەوڵەتییەكان تێكەڵ كردووە و پێی وا بووە سزاكە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرچووە، بۆیە پابەندبوونی عێراقی بە جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا راگەیاندووە.

سەرچاوەكە لە زاری نووسەرێكی عێراقییەوە قسەی حكوومەتی ئێرانی كردووە و  نووسیویەتی، "عەبادی حیسابی بۆ دراوسێیەتی ئێران نەكردووە، بەڵام رێزی لە بڕیارەكەی ئەمەریكای داگیركەر گرتووە."

هەروەها پێی گوتووە "كاتێك داعش هێرشی كردە سەر عێراق و ئێران بەرگری كرد، بەڵام ئەمەریكا بێدەنگ بوو و عەبادی نازانێت كە داعشیش ئەمەریكا دروستی كردووە و هەموو چاكەكانی ئێرانی دەرهەق بە عێراق بیر چووەتەوە."

هاوكات باس لەوە كراوە عەبادی بۆیە ئەو قسانەی كردووە بۆ ئەوەی بەرانبەر بە ئەمەریكا خۆی شیرین بكات و دووبارە پۆستی سەرۆك وەزیران بەو بدرێتەوە.





وشە - سلێمان تاشان