لە سبەینێوە نەوتی سپی دەگاتە پارێزگاكانی كوردستان

:: PM:03:37:08/08/2018 ‌

حكوومەتی عێراق بڕیاری دا نەوتی سپی ڕەوانەی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بكات و لە سبەی پێنجشەمەوە دەست بە رەوانەكردنی نەوت بۆ هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە دەكرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای چەند سەردانێكیان بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و دوو سەردانیان بۆ لای بریكارانی وەزارەتەكانی نەوتی عێراق بۆ كاروباری هاووڵاتییان و كاروباری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان، داوایان كردووە بە هەمانشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

ئەو گوتی یەكێك لە داواكارییەكان بەشە نەوتی سپی بووە و لە چەند رۆژی رابردوودا ئاگادار كرانەوە ڕەزامەندی لەسەر ناردنی نەوت بۆ پارێزگاكانی كوردستان دراوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر دەڵێت، "ئەمڕۆ چوارشەم بە فەرمی ئاگادار كراینەوە كە لە سبەینێوە ڕۆژانە پێنج تانكەر نەوت بۆ سلێمانی و پێنج تانكەر بۆ هەولێر و سێ تانكەر بۆ دهۆك و دوو تانكەر نەوت بۆ هەڵەبجە دەنێرن."

دابەشكردنی نەوت لەو شوێنانەوە دەست پێ دەكات كە تا ئێستە نەوتی ساڵانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و لە ناو شاری سلێمانیش دابەشكردنەكە لەسەر بنەمای كارتی زیرەك دەبێت، بەڵام نرخەكەی دیاری نەكراوە.

پێویستە بگوترێت ماوەی دوو ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەش ناكات و بەغداش لە 2014ەوە ئەو نەوتەی دابین نەكردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان