پۆگبا زانیاری رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەرشەلۆنە ئاشكرا دەكات

:: AM:09:43:09/08/2018 ‌

پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بە هاوڕێكانی راگەیاندووە لە ناخی دڵییەوە ئارەزوو دەكات بۆ وەرزی داهاتوو بە درێسی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی یاری بكات.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان پێشتر ئاشكرایان كردبوو كە پۆگبا لە وڵاتی ئەمەریكا لە كاتی بەشداریكردنیان لە جامی پاڵەوانانی ناودەوڵەتی لەگەڵ ئیریك ئەبیدالی هاونیشتمانی و بەڕێوەبەری یانەی بەرشەلۆنە كۆبووەتەوە و بەشێوەی سەرەتایی لەسەر گواستنەوە رێككەوتوون.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: پۆگبا چەند زانیارییەكی لەسەر رێككەوتنەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بە هاوڕێكانی ئاشكرا كردووە و جەختیشی كردۆتەوە بە رژدی كار لەسەر ئەوە دەكات بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەكە یاری بكات.

پۆگبا بە هاوڕێكانی راگەیاندووە لەگەڵ ئەبیدال رێككەوتووە بە مووچەی هەفتانەی 350 هەزار پاوەن بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە یاری بكات.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە پۆگبا راستەوخۆ پەیامی خۆی ئاراستەی بەرپسانی یانەی مانچستەر یونایتد كردووە و تێیدا جەختی كردۆتەوە كە ئارەزوو دەكات هاوكاری بكەن بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد لەسەر داوای جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی تا ئێستا پێداگیری لە مانەوەی پۆگبا و نەفرۆشتنی دەكەنەوە سەرەڕای ئەوەی یانەی بەرشەلۆنە چەند دەستەوارەیەكی گرانبەها و گۆڕینەوەی یاریزانانی پێشكەش كردوون.

جێی باسە پۆگبا ماوەی دوو وەرزە لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد یاری دەكات دوای ئەوەی بە بەهای 89 ملیۆن پاوەن لە یانەی یۆڤێنتۆس گەڕایەوە یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م