زانیاری نوێ لەسەر ئاگركەوتنەوەی قەیسەری هەولێر ئاشكرا كرا

:: AM:10:45:09/08/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات لە شوێنی ڕووداوەكان دوور بكەونەوە و ئاشكرای دەكەن، ئاگرەكە چاوەڕوانكراویش بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكی هاتووە، ئەو رووداوە وەك هەر رووداوێكی تری ئاگركەوتنەوە رووداوێكە دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بكەین. دەكرێ بڵێین چاوەڕوانكراویش بوو.

ئاماژەی داوە، پێویستە ئەوە بگوترێ ئێمە بەردەوام لەڕێی تیمی پشكنینەكانمان سەردانی شوێنە بازرگانییەكان، دووكان، هۆتێل، چێشتخانە و سەرجەم شوێنەكان دەكەین بۆ ئاگاداركردنەوەیان لە هەبوونی مەرجەكانی بەرگریی شارستانی، بەڵام بەداخەوە پێڕەونەكردن و بەهەندوەرنەگرتنی مەرجەكان دەبێتە هۆكاری رووداوی لەو شێوەیە.

هاوكات بێوار زەیدی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نەزانراوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هەولێر لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرە دەست پێ دەكەین، بزانین ئاگرەكە لە چی دەستی پێ‌ كردووە.

لە ڕوونكردنەوەكەی بەرگریی شارستانی هەولێر هاتووە، رووداوی بازاڕی قەیسەری لەڕووی كاتەوە زۆری خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، ئەوەشیان هۆكاری ئەوەیە شوێنەكە زۆر بچووك و دووكانەكان كۆنن، هەروەها زۆری ئەو كەلوپەلانەی لەناو كۆگای بازاڕەكە دانراون بەشێوەیەكی ناڕێك وایكردبوو ئاگرەكە زیاتر دزە بكات و بڵاو ببێتەوە. هەروەها بەرزی پلەی گەرما ئێستە ئەوەشیان هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی ئاگرەكە زیاتر كات بخایەنێت.

كارمەندانی بەرگریی شارستانی پلان و رێنوێنیی تایبەتی خۆیان هەیە لەكاتی روودانی هەر ئاگركەوتنەوەیەك، بەڵام لەو كاتەی خەڵك رێ نادەن یا قەرەباڵغی دروست دەكەن جا بۆ مەبەستی سەیركردنی رووداوەكە یان وێنەگرتن و گواستنەوەی وێنەكان بۆ تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لەڕێی مۆبایلەوە.

ئەانە كاریگەری زۆر خراپی بۆ بەڕێوەچوونی كاری تیمەكانی ئاگركوژێنەوە دروست كردووە، هەروەها لەبەر تەسكی رێیەكانی ناو بازاڕەكە رێگری گەورە بوون بۆ درەنگ كۆنترۆڵكردنی رووداوەكە. بەرگری شارستانی هەولێر وا دەڵێت.

ئاماژە بەوەش دا، بەرگریی شارستانی ماوەی نزیكەی لە 16 سەعات بەبێ وەستان سەرجەم تیمەكان خەریكی كۆنترۆڵكردنی رووداوەكە بووین، تەنانەت چەندان كارمەندمان تووشی هەناسەسواری و مەترسی بوون لەسەر تەندروستی و ژیانیان، توانییان لەو ماوەیەدا چەندان دووكان و كۆگای گەورەی هاووڵاتییان رزگار بكەن.

ئاراز یوسف خاوەنی دووكانی زێڕینگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەرەوە و ژێر زەوینەكانی بازاڕی قەیسەری لەلایەن چەند خاوەن دووكانێك بە نایاسایی بەكار دێن و شوێنی هاتوچۆشیان بۆ كۆگاكان گرتووە.

ئەو خاوەن دووكانە گوتی، بازاڕی قەیسەری خۆی شوێنەكەی وا دروست كراوە ڕێڕەوەكانی بچووكن، ئەگەر چوار كەس بەرانبەر یەكتر بێت، ئەوا ناتوانن هاتوچۆ بكەن لە كۆگاكان، بەڵام لەلایەن چەند خاوەن كۆگایەك لە شۆستەكانیش كەلوپەلیان داناوە.

لەبارەی كەلوپەلەكانی ئاگركوژێنەوە بەرگریی شارستانی هەولێر ڕوونی كردووەتەوە، ئێمە لەڕووی لۆجستیك و كەلوپەلەوە توانایەكی باشمان هەیە، بەڵام لە ئاستی ئەو رووداوە گەورانە و هەروەها لەو پێشكەوتنە زۆرەی ئێستە هەیە بۆ بەرگریی شارستانی لە هەموو دنیا، رەنگە ئێمە لەو رووەوە پێویستی زیاترمان بە كەلوپەل و ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە هەبێت.

بازاڕی قەیسەری هەولێر دەكەوێتە ناوجەرگەی شاری هەولێر و مێژووی دروستكردنی بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستە و بۆ سەردەمی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە، یەكێكە لە بازاڕە كۆنەكانی شارەكە.



وشە - رامیار جەواد