جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین نرخی نەوت دادەبەزێنێت

:: PM:02:00:09/08/2018 ‌

نرخی نەوت  لە بەردەم دوو هۆكار یان فاكتەری هەڵكشان و داكشاندایە و دیار نییە كام هۆكار زیاتر بەسەر هۆكارەكەی تردا زاڵ دەبێت. گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكان تا كۆتایی ساڵی 2018 ئەوە دەردەخەن كە دواجار نرخی نەوت بەرەو 100 دۆلار هەنگاو دەنێت یان دادەبەزێت.

خۆی لە بازاڕی نەوتدا رووداوە سیاسی و ئابوورییەكانە جووڵە بە نەوت دەكات و دواجار كاریگەرییەكان لە سەر ئاستی خستنەڕوو و داخوازی خۆیان دەردەخەن. گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو سیاسەتەیە كە ئەمەریكا دەیەوێت بەرانبەر بە ئێران جێبەجێی بكات كە بریتییە لە گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر. ئەگەر ئەمە روو بدات و جێگرەوەیەك بۆ ئەو پێویستییە نەدۆزرێتەوە، ئەوا بازاڕ تووشی كەمیی نەوت و دواجار هەڵكشانی نرخ دەبێت.

هۆكارێكی سەرەكی تر كە بە پێچەوانە كاریگەریی بۆ سەر دابەزینی نرخی نەوت هەیە، ئەو جەنگە ئابوورییەیە لە نێوان ئەمەریكا و چین دەستی پێ كردووە، ئاخر هەر جۆرە جەنگێكی ئابووری دواجار كاریگەریی بۆ سەر كەرتی پیشەسازی و دابەزینی بەرهەمهێنانی پیشەسازی دەبێت و دەبێتە هۆی پاشەكشەكردن بە ئابووری وڵاتان و لەو كاتەشدا ئاستی داخوازی لەسەر نەوت كەم دەبێت و دواجار نرخی نەوت تووشی دابەزین دەكات.

سێبەری ئەم دوو هۆكارە لەسەر نەوت لە 48 سەعاتی رابردوودا بە تەواوی بەدیار كەوتووە و لە مانگەكانی داهاتووش كامەیان زیاتر كاریگەری بەدیار بكەوێت، ئەوا ئاراستەی نەوتیش لە قازانجی هۆكارەكە جووڵە دەكات.

 لە دوو رۆژی یەكەمی ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسە واتە لە رۆژانی دووشەم و سێشەم، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا هەڵكشا و 74 دۆلاری تێپەڕاند. دوێنێ بەیانی نرخی نەوت لە 74 دۆلار و 40 سەنتەوە تا نزیكەی 75 دۆلار هەڵكشا، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كرد و ئەم دابەزینەش تا كۆتایی رۆژەكە نرخی نەوتی بۆ 72 دۆلار و 20 سەنت دابەزاند.

لەمڕۆ سەر لەبەیانییەوە سەرەڕای ئەوەی كە ئاراستەی نەوت بۆ ماوەی چەند سەعاتێك رووی لە بەرزبوونەوە كرد و نزیكەی نیو دۆلار لە نرخەكەی هەڵكشا، بەڵام درێژەی بە دابەزینی رۆژی پێشتری دا و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 72 دۆلار دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی DAILYFX نرخی نەوتی ئەمەریكیش لە 69 دۆلارەوە دابەزی بۆ 66 دۆلار و 70 سەنت و ئەمڕۆكەش چەند سەنتێكی تر دابەزیوە و ئێستە بە 66 دۆلار و 65 سەنت دەفرۆشرێت.

مەترسی دەرهاویشتەكانی ئەو جەنگە ئابوورییەی لە نێوان چین و ئەمەریكا دەستی پێ كردووە لە گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لە 24 سەعاتی رابردوو هەژمار دەكرێت.

دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا دژی ئێران لە سێ رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی تا رادەیەك بەرز كردبووەوە. ئەم هۆكارە هێشتا بە كردەنیی جێبەجی نەكراوە و دیار نییە بەراستی ئەمەریكا دەتوانێت نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر یان نا و ئایا وڵاتی تر قەرەبووی كەمیی نەوتیان پێ دەكرێتەوە یان نا.

نرخی نەوت لە سەرەتای ساڵی 2016 بۆ 27 دۆلار دابەزی و ئەوەی وای كرد نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەو سیاسەتە بوو كە وڵاتانی ئۆپێك و رووسیا گرتیانە بەر و بە كەمكردنەوەی ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانەی نەوت نرخی نەوتیان گەیاندە نزیكەی 80 دۆلار.

ئێستەش گەورەترین خەمی بازاڕی نەوت لای رۆژئاوا بریتییە لە كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە ئەمەریكا دوای رێگریكردن لە هەناردەی نەوتی ئێران كە لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەكات، دەیەوێت ئەلتەرناتیڤێك بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕ بدۆزێتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە قازانجی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە و ئەوان كە لە چوار ساڵی رابردوودا بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت تووشی تەنگژەی دارایی بوون، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو تەنگژەیەیان لە كۆڵ دەكاتەوە، هەرچەند بە بۆچوونی پسپۆڕانی بازاڕ ئەگەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری باشی بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی نەوتی ئەو وڵاتانە هەبێت، ئەوا لە داهاتوودا زیانی تریان پێ دەگەیەنێت، ئەوان كە دەستیان بە چاكسازی ئابووری و كارگیڕی كردووە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەم هەنگاوە ساردیان دەكاتەوە.

یەكێك لەو ناوچانەی كە دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری خراپی خستەسەری هەرێمی كوردستان بوو و ئەو هەرێمە كە بۆ یەكەم جار دەستی بە فرۆشتنی نەوتەكەی كرد دابەزینی نرخی نەوت رێگر بوو لە بەردەم ئەو هەرێمە نەتوانێت وەك پێویست لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

ئێستەش روانگەی وڵاتان لەسەر بەرزكردنەوە یان دابەزاندنی نرخی نەوت جیاوازە و هەندێك وڵات حەز بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكەن. نموونەی یەكێك لەو وڵاتانە ئێرانە. پێشبینی دەكرێت لە تشرینی دووەمەوە هەناردەی نەوتی ئێران لانی كەم بۆ نیوەی ئێستەی دابەزێت و ئەگەر نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەوا قەرەبووی كەمیی هەناردەی ئێران دەكاتەوە و لە لایەكی تر بە زیانی ئەمەریكا و وڵاتانی پیشەسازی دەشكێتەوە.

چین و ئەمەریكا دوو وڵاتی زلهێزی ئابوورین كە بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە كاریگەریی بۆ سەر ئابووری هەموو وڵاتانی دنیا هەیە. راستییەكەی جەنگەكە ئەمەریكا دەستی پێ كرد دوای ئەوەی باجی خستە سەر بەرهەمەكانی چین و چینیش وەڵامی سزاكانی ئەمەریكای بە هەمان سیاسەت داوەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان