دوێنێ هەینی لە یاریگای ئازادیی تاران یارییەكی تۆپی پێ لە نێوان هەڵبژاردەی تراكتۆرسازی تەورێز و ئیستقلال بەڕێوە چوو، بەڵام لە یارییەكەدا تووڕەیی هاندەران بەسەر ركابەریی دوو هەڵبژاردەكە زاڵ بوو و دروشمی توند دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرز كرایەوە.
بەگوێرەی "
رادیۆ فەردا" لەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، دەری دەخەن هاندەران بە دەنگێكی بەرز دروشمی بمرێ دیكتاتۆریان داوە و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانیش كە راستەوخۆ یارییەكەی دەگواستەوە، ناچار بووە دەنگی هاندەران ببڕێت.
كێشەی دوێنێی یاریگاكەی تاران تەنیا لە نێوان هاندەران و پۆلیسدا نەبوو، بەڵكو هاندەرانی دوو هەڵبژاردەكەش لە چەند شوێنێك پێك هەڵپڕژان و ژمارەیەك هاندەر بریندار بوون.
ژمارەی هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە لە یاریگاكە 65 هەزار كەس بوو و ئەنجامی یارییەكەش بریتی بوو لە سێ گۆڵی بێ بەرانبەر لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی ئیستقلال.
دوو رۆژ پێشتریش لە یاری نێوان پێرسپولیس و ئیستقلالی خووزستان توندوتیژی دروست بوو و ژمارەیەك هاندەر رەوانەی نەخۆشخانە كران.
لە ئێران بە هۆی ئەوەی كە خەڵك لە حكوومەت بێزارە، هەموو جۆرە دەرفەتێك بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەقۆزنەوە.