بەفەرمی.. بەر لە جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت

:: PM:09:27:11/08/2018 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد بەر لە جەژن مووچەی تەواوی وەزارەتەكان و خانەنشینانیش دابەش دەكرێت و لەچەند ڕۆژی داهاتوو پارەكەی بەغداش دەگات.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی ئاب، مونا قەهوەچی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەدواداچوونمان كردووە لە دامەزراوەكانی حكوومەت بەمەبەستی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بۆمان دەركەوت بەڵێ‌ بەر لە جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، لە چەند ڕۆژی داهاتوو پارەكەی بەغدا كە بریتیە لە 317 ملیار دینار دەگاتە هەرێمی كوردستان و دەست دەكرێت بە دابەشكردنی بۆ تەواو كردنی مووچەی مانگی پێنجی ئەمساڵ.

قەهوەچی ئاماژەی دا، بە گەیشتنی پارەكەی بەغدا تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت بە مووچەی خانەنشینانیشەوە، هەروەها ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ ئەوەی بزانین كەی پارەكە بەغدا دەگاتە هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

دوای ڕێكەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بڕیارە هەموو مانگێك بڕی 317 ملیار دینار لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و بە داهاتی ناوخۆ و فرۆشی نەوت هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانبەران بدات.




وشە - رامیار جەواد