قوباد تاڵەبانی و پارێزگاری سلێمانی یاری بە خەڵكی شارەكە دەكەن

:: AM:09:44:13/08/2018 ‌
دوای ئەوەی پارێزگاری سلێمانی بە بڕیارێك لابردنی سەرجەم كورسی و مێزەكانی دەركرد لە شەقامی سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی، شەوی ڕابردوو قوباد تاڵەبانی دەچێتە شەقامەكە و كورسی دەبات و لە شوێنەكە دادەنیشێت.

بەپێی بڕیارێكی دوو هەفتەی ڕابردوو هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بڕیاری لادانی سەرجەم كورسی و مێزەكانی دەركرد لە سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی، شەوی ڕابردوو قوباد تاڵەبانی جێگری‌ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پشكی یەكێتی، سەردانی سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی دەكات و لەسەر كورسی دادەنیشێت كە پێ دەچێت خۆی هێنابێتی بۆ ئەو شوێنە.
 
تاڵەبانی سەردانی‌ سەهۆڵەكەی سلێمانی كردووە و لەسەر كورسی دانیشتووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد قایمقامی شارەكە بڕیاریاندا بوو كورسی‌ لە سەهۆڵەكە دانەنرێت.

پێشتر ئاوات محەمەد قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی لەبارەی هۆكاری لابردنی كورسییەكانی شەقامی سالم كە ناڕەزایەتی لێ كەوتەوە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی گوتی، سكاڵامان لەسەر ناڕێكی شەقامەكە لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێ گەیشت بە هۆی دانانی ژمارەیەكی زۆر كورسی لەسەر شۆستەكان كە رێی هاتوچۆی لە هاووڵاتییان گرتبوو.

چوونی قوباد تاڵەبانی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هاوشێوەی ئەو ڕكابەرییە سیاسییەكی نێوان یەكێتی و گۆڕان لەلایەن هاووڵاتییانەوە لێكدرایەوە و بە هەڵوەشاندنەوە بڕیارەكەی پارێزگاری سلێمانی دادەنرێت كە لەسەر پشكی گۆڕانە.

بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە ڕكابەرییەكی توندی سیاسین و لە ماوەی ڕابردووشدا پێوەندییەكانی نێوان ئەو دوو حزبە گەیشتووە بە ئاستێك ئیتر هیچ گفتوگۆیەك لە نێوانیان نەماوە.

چاودێران لەو بڕوایەدان، ئەو بڕیارەی هەڤاڵ ئەبوبەكر و ڕەتكردنەوەی لەلایەن قوباد تاڵەبانی بەشێكی ترە لەو هەوڵانەی كە دەیانەوێ خەڵكی سلێمانی بۆ بەرژەوەندی و ململانێی سیاسی خۆیان بەكاربهێنن، یەكێك دەریان دەكات و یەكێك ڕەتی دەكاتەوە و خەڵكی سلێمانیش گیرۆدەن بەدەست ئەو هەموو دەركردن و هاتنەوەیە.





وشە - رامیار جەواد