نوشته و دوعا و سیحر و جادوو, موورووه كه‌رانه و هینی كه‌متیار، ئێسته لای به‌شێك له ژن و پیاوی كورد بوونه‌ته خوو و نه‌خۆشی و بۆ چاره‌سه‌ر سه‌ردانی ساحیر و شێخ و مه‌لا و جادووگه‌ر ده‌كه‌ن. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا خاتوو نه‌سرین كه یه‌كێكه له‌و ژنانه‌ی له‌گه‌ڵ گرووپێكی "سیحر و جادوو و نوشته و فرۆشتنی مووروو و هینی كه‌متیار" كار ده‌كات له كه‌ركووك, ورده‌كاری ئه‌و دنیا خه‌یاڵاوییه‌ی خۆیان ده‌دركێنێت و باس له چۆنیه‌تیی په‌یداكردنی پاره و جۆری نرخه‌كان ده‌كات.
سه‌ره‌تا پێمان بڵێ نوشته و سیحر و جادوو له چی دروست ده‌كرێن و بۆچی به‌كار دێن؟
سیحر و نوشته و به‌ختبه‌ستن و به‌ختڕه‌شی، ئه‌مانه هه‌مووی به شتی پیس ده‌كرێن، بۆ نموونه له پیسی له زینا له گۆڕستان له كه‌له‌ی سه‌گ له كلكی كه‌ر له پیسایی له هه‌زار شتی جیاوازتر، به‌ڵام دوعا به شتی پاك و باش و به حه‌دیس و ئایه‌ت ده‌كرێت، ئه‌وانه بۆ ماڵ وێرانكردن و بهختبهستنی كچ و جیاكردنه‌وه‌ی ژن و مێرد و تێكدانی خێزان به‌كار دێ، دوعا بۆ به‌تاڵكردنه‌وه و لابردنی شتی خراپ و چاوونفووس ده‌كرێت.
به‌كورتی پیسی و خراپی به پیسی ده‌كرێت، دوعا و شتی باشیش به پاكی ده‌كرێت، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن ئێمه‌ش ده‌یكه‌ین و پاره په‌یدا ده‌كه‌ین.
قسه‌ی باو هه‌یه كه كچێك شوو ناكات گوایه به‌ختی به‌ستراوه، ئه‌مه چۆن ده‌به‌سترێت و به‌چی ده‌كرێته‌وه؟
ئۆۆۆۆۆ، ئێسته به‌ختبه‌ستن و ئاوخواردنه‌وه وه‌ك یه‌كی لێ هاتووه ئه‌وه‌نده زۆره، هه‌ر كه‌س به‌ختی ببه‌سترێت ماڵ‌وێران ده‌بێت، ئه‌وه هه‌ر زۆر زۆره. به‌خوا به شتی وه‌ها پیس ده‌كرێت كچه‌كه ده‌بێت به سه‌گ و له‌به‌ر چاوی هه‌موو كوڕ و پیاوی دنیا ڕه‌ش ده‌بێت و كه‌س نایه‌وێت، له به‌ینی ژن و مێرد ده‌كرێت ته‌ڵاق ده‌درێ و ژنه‌كه وه‌ها ڕه‌ش ده‌كه‌ن له‌به‌رچاوی هاوسه‌ری.
به‌ڵام بهختكردنهوهیه وه‌ختی زۆری ده‌وێت تا ده‌كرێته‌وه، زۆرجار ئیشه‌كه زۆر قورسه ئێمه به گرووپ بۆیان ده‌كه‌ین.
سیحر چۆن ده‌كرێت؟ كه‌سێك سیحری لێ بكرێت ئایه به‌تاڵ ده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌ر وایه به چه‌نده؟
ئه‌وه‌یان به‌پێی جۆری ئه‌و سیحره‌یه كه لێی ده‌كرێت و چۆن و به‌چی لێی كراوه، سیحر هه‌یه له‌گه‌ڵ نه‌مام ده‌نێژرێت، هه‌یشه له‌گه‌ڵ مردوو ده‌خرێته ناو گۆڕ له‌وكاته‌ی كه‌سێك به‌خاك ده‌سپێرن. هه‌یه به ئاوی پیس ده‌كرێ به زینا یان به جنۆكه‌ی پیس ده‌كرێت، یان به جومجومه‌ی سه‌گ، سه‌گێك ده‌كوژن و كه‌له‌ی سه‌ری وشك ده‌كه‌ن و ده‌ینێژن، سیحره‌كه به‌و كه‌له‌سه‌ره ده‌كرێت، ئه‌وكاته ئه‌و كچه وه‌ك سه‌گی هاری لێ دێت و هه‌ر پیاوێك بیبینێ، وا ده‌زانێت سه‌گه نه‌ك كچ، چونكه ئه‌و كچه جووڵه‌ی وه‌ك سه‌گ ده‌بینرێ له‌لای خه‌ڵكه‌وه.
كچێك له‌گه‌ڵ چاندنی دارێك سیحری لێ كرابوو، ئه‌و داره چه‌ند گه‌وره ده‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌نده به‌ختی زیاتر ره‌ش ده‌بوو، دوو ساڵی ویست تا كردمانه‌وه، له به‌رانبه‌ردا دوو ملیۆن دینارمان لێ وه‌رگرت و دوای ماوه‌یه‌ك شووی كرد. به‌ڵام هه‌موو كاتێك سیحر به‌تاڵ نابێت و هه‌ندێ جار مرۆڤ شێت ده‌كات، جاریش هه‌یه وا له كه‌سه‌كه ده‌كات خۆی بكوژێت، پاره‌كه‌ی به‌پێی قورسی و ئاسانی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی سیحرهكهیه.
ئه‌ی موورووی كه‌رانه كه به بڕه پاره‌یه‌كی زۆر ده‌یده‌ن به ژن و پیاو سوودی چییه؟ ئێوه چۆن ده‌ستتان ده‌كه‌وێت؟
ئه‌وه حه‌یاته ئه‌و موورووه حه‌ز ده‌كه‌ی بڕۆ بۆ لای سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ته‌نیا ئه‌نگوستیله یان ملوانكه‌كه بسووڕێنه لاڵ ده‌بێت و چیت بوێت بۆت ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێی. ئه‌و موورووانه له ئوردن دێن، بازرگانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، یه‌كێك بۆ دهمبهسته یه‌كێك بۆ موحیبه‌ته یه‌كێك بۆ ڕازیكردنی ژنانه، یه‌كێك بۆ ڕاكێشانی پیاوانه، هه‌ر موروه و دوعای تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر ده‌خوێنین، پیاوان زیاتر ده‌یبه‌ن له ژنان، چونكه گرانه. مه‌عره‌زچی /پێشانگه‌ی ئۆتۆمبێل/ هه‌موویان پێیانه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك راكێشن بۆ لای خۆیان و ده‌مبه‌ستی بكه‌ن.
بازرگان و پیاوی ماقووڵی عه‌شیره‌ت، هه‌موویان لای ئێمه ده‌یكڕن و ده‌یكه‌ین به ئه‌نگوستیله بۆیان و له په‌نجه‌ی ده‌كه‌ن. ژنیش ده‌یبات ماڵی خه‌زووری وه‌ك ئه‌ڵقه ده‌سووڕێنێ و مێردی وه‌ك خزمه‌تكار له بنده‌ستی دێت و ده‌چێت، وه‌ك گوتم هه‌ر ئیشێك و دوعای تایبه‌تی له‌سه‌ر موورووهكه ده‌خوێنین ناوی كه‌سه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌نووسین و ناوی ئه‌وی لێ دێنین، نرخیشی له 200$ ده‌ست پێ ده‌كات تا هه‌زار دۆلار، هی گرانتریش هه‌یه بۆ ئیشی گه‌وره.
كه‌متیار ئاژه‌ڵێكی كێوییه، بۆچی ئه‌ندامی مێیینه‌ی كراوه به خه‌یاڵێكی گه‌وره لای خه‌ڵك، ئه‌وه چیی پێ ده‌كرێت كه ئێوه به‌و پاره زۆره ده‌یفرۆشن؟
من له ئێران بۆم دێنن، ئه‌و كه‌سه‌ی كه كاری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م خۆی كه‌متیاره‌كه ده‌كوژێت و دوایی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ده‌بڕێت و وشكی ده‌كاته‌وه، بۆ من و چه‌ند كه‌سێكی تری دێنێت ئێمه ده‌یفرۆشین، به‌ڵام نرخه‌كه‌ی جیاوازه، به له‌تكراوی به هه‌زار و 100 دۆلار تا دوو هه‌زار دۆلار ده‌یفرۆشین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هینی كه‌متیاری ته‌واو بێت، نرخی 10 هه‌زار دۆلاره. به‌ڵام ئیتر كه ئه‌وه‌ت به ته‌واوی پێ بوو، حیساب بكه پاشا خۆتی، چونكه دنیا له به‌رده‌مت ده‌مبه‌ست ده‌بن و له‌سه‌ر سه‌ری خۆیانت داده‌نێن، ده‌بێت به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆت هه‌ڵیبگری، گرنگترین شته هینی كه‌متیار, چونكه هیچ ڕه‌ت ناكاته‌وه.
ئێوه‌ش هاوشێوه‌ی به‌شێك له پزیشكه‌كان، كاتێك كه‌سێك دێته لاتان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌ستاوده‌ستی چه‌ندان شوێنی دیاریكراوی پێ ده‌كه‌ن، ئه‌مه بۆ پاره‌یه یان ڕێككه‌وتنه یاخۆ هه‌ریه‌كه‌تان تایبه‌ته به به‌شێكی دیاریكراوی ئه‌و دنیا خه‌یاڵاوییه و به‌شتان هه‌یه له پاره‌كاندا؟
ئێمه گرووپین، نه‌ك هه‌ر ئێمه هه‌موو كه‌سێك كه ئه‌و ئیشه ده‌كات ناتوانێ به ته‌نیا بیكات، بۆیه چه‌ند كه‌سێك پێكه‌وه كۆ ده‌بنه‌وه و هه‌ریه‌كه‌مان شتێكی بۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام دوایی نیسبه له یه‌ك وه‌رده‌گرین و هه‌ر كه‌س به‌پێی ئه‌و داهاته‌ی ده‌ستی ده‌كه‌وێت و كێ بۆی ناردووه و چه‌نده پاره‌كه‌ی.
من كه‌سێك بێته لام دوعای ڕه‌شی له‌سه‌ر بێت یان سیحر، زۆر هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م، به‌ڵام كه به قورسی لێی كرابێت ئه‌گه‌ر پیاو بێت ده‌ینێرمه لای هاوڕێیه‌كی پیاوم كه نزیكه‌ی 50 جنی هه‌یه به كارفر و ئیسلام و یه‌هوود، ئه‌و بۆی ده‌كات، ئه‌گه‌ر ژنیش بێت ده‌ینێرمه لای ژنی ئه‌و پیاوه چونكه به‌یه‌كه‌وه ئیشی بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌و پیاوه‌ش ته‌نیا به جنهكانی ئیش ده‌كات، ئه‌و جنانه‌ی كافرن دوعا و سیحره‌كه به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام تا ئه‌وه ده‌كه‌ن سووكایه‌تی زۆر به‌و پیاوه و ئیسلام ده‌كه‌ن. به به‌رانبه‌ردا جنه ئیسلامه‌كان ئیشیان كه‌متر پێ ده‌كرێت، چونكه ئه‌و سیحر و جادووه به ئیشی پیسی نائیسلامی ده‌كرێ، بۆیه ده‌بێ جنه كافره‌كان بیكه‌ن.
ژنی ئێسته زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دێنه لامان ده‌ڵێن "میز و خوێنی سووڕی مانگانه و ئیلتهابی زێ" ده‌خه‌نه ناو خواردن و خواردنه‌وه و ده‌یده‌ن به پیاو، ئێ ئه‌و پیسییانه كافرت ده‌كات، بۆیه ده‌بێت جنی كافریش ئیشی تێدا بكات، سێ پیاو گه‌ده‌یان ته‌قی و مردن به‌و پیسییه‌ی ژن ده‌رخواردی دابوون، به‌ڵام ئه‌و ژنانه ده‌بێ بزانن به‌و ئیشه كافر ده‌بن .
ئێوه‌ی نوشته و دوعا و سیحر و جادوو بهختكهرهوه و موورووی كه‌ر و هینی كه‌متیار فرۆش، خۆتان باوه‌ڕتان به‌وه هه‌یه ئه‌و شتانه‌ی ده‌یكه‌ن ڕاسته؟ ئایه ئه‌گه‌ر ڕاسته بۆ خۆتان به‌و هینه كه‌متیار و موورووه كه‌رانه‌یه هه‌موو كارێكی خۆتان ناكه‌ن و خۆتان بكه‌ن به باشترین و ده‌وڵه‌مه‌نترین كه‌س؟ خۆ كاری ئێوه‌ش هه‌ر بۆ پاره‌یه.
به‌ڵێ بێگومان باوه‌ڕمان پێیه و 100% ڕاسته، من خۆم كچه‌كه‌م ته‌ڵاق درا چونكه به‌ختی به‌سترابوو، خۆم كردمه‌وه و به شووم دایه‌وه. چۆن ڕاست نییه؟ ئێمه پێویستمان به پاره نییه، ئه‌گه‌ر نا ده‌توانین هه‌موو جۆره كارێكی خۆمانی پێ به‌ڕێ بكه‌ین، ئه‌وه نییه هه‌رچی بێته لامان بڕوامان پێ دێنێت و ڕازی ده‌بێت به هه‌موو شتێك كه ئێمه بۆی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین و رێنوێنییهكانیشمان جێبه‌جێ ده‌كات.
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان