دوێنێ یەكشەم كونسوڵی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەردانی شاری سلێمانی كرد و بۆ گفتوگۆكردن و تێگەیشتن لە سیاسەت و بۆچوونی یەكێتی، پێویستی كرد لەگەڵ سێ بەرپرسی ئەو حزبە كۆ ببێتەوە، ئەمەیش بە قووڵبوونەوەی فرەباڵی و فرەكوێخایی ناو یەكێتی لێك دەدرێتەوە.
ستیڤن فەیگن كونسوڵی نوێی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بۆ تێگەیشتن ڕوانینی یەكێتی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ بووەوە و وەك لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی ڕاگەیەندنی جێگیری سكرتێری گشتیدا هاتووە، لە دیدارەكەدا كۆسرەت ڕەسووڵ و كونسوڵ باسیان لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و بەشداری كورد بە بەهێزی لە پرۆسەی سیاسی عێراق كردووە.
لەلایەكی ترەوە ستیڤن فەیگن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆ بووەتەوە، دۆخی سیاسی و تەناهی و ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراقیان تاوتوێ كردووە، دووپاتیان لە پێكهێنانی حكوومەتی هاوبەشی ڕاستەقینە كردووەتەوە.
ماڵپەڕی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هیچ پۆستێكی فەرمی بۆ بافڵ تاڵەبانی نەنووسیوە و تەنیا ناوی خۆی هێناوە و بە ناوی یەكێتی باسی لە دۆخی ناوخۆی كوردستان و پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كراوە.
پاشان فەیگن چووەتە لای مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەیەكەوە كۆ بوونەتەوە، مەلا بەختیار وەك لە ڕاگەیەنراوی دیدارەكەی هاتووە و لە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی بە دۆخی مێژوویی ئەمەریكا و كاریگەری و ستایشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كردووە.
لە بەشێكی تردا باس لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و گرفتەكانی ناوخۆی عێراق كراوەتەوە و مەلا بەختیار بۆ كونسوڵی ئەمەریكا دووپاتی كردووەتەوە، دەستوور باشترین بنەمایە و سەرجەم كێشەكان چارەسەر دەكات.
لەبارەی ئەو فرەجەمسەرییەی ناو یەكێتی، سەرچاوەیەكی تایبەت لەو حزبە بۆ "وشە" گوتی، كادران و بەرپرسانی دڵسۆزی یەكێتی بۆ ئەو دیاردەیە نیگەرانن، ڕاستە سەعدی پیرە دەڵی یەك دەنووكمان هەیە، بەڵام ئەگەر بە چەند باڵێك بفڕین ئەو دەنووكە لە هیچ گیر نابێ.
زیاتر گوتی، هەندێك جار شاندە بیانییەكان دێن، تەنیا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆ دەبنەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە بەگوێرەی پێرەوی ناوخۆ كۆسرەت ڕەسووڵ ئێستە وەك سكرتێر و كەسی یەكەمی ناو حزبەكەیە.
یەكێتی دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی لە 2012 تووشی گرفتی گەورەی فرە مینبەری و باڵباڵین بووەتەوە، پاش كۆچی دوای مام جەلال گرفتەكانی ئەو حزبە قووڵتر بووەتەوە، لە هەڵبژاردنی پێشوو بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لەو حزبە كشایەوە، لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش كۆسرەت ڕەسووڵ و مەلا بەختیار بە بەیاننامەی فەرمی گرووپی خیانەتكاریان بۆ خەڵك ئاشكرا كرد، تا ئێستەیش ئەو حزبە نەیتوانیوە بەهۆی جیاوازی باڵەكانییەوە كۆنگرە ببەستێت.
جیا لەوانەیش هەر چەندە بەرپرسانی یەكێتی بە ڕووكەش و لە میدیاكان دەڵێن كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستانن لە وادەی خۆیدا، بەڵام زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو حزبە لە ترسی شكستی هەڵبژاردن سوورە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێ.
یەكێتی لە 1975 لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بڕیاری دامەزراندنی درا و تا ئێستە سێ كۆنگرەی بەستووە، لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق بەشدارە و پێشتر لە 2009 نەوشیروان مستەفای جێگری یەكەمی سكرتێر لە حزبەكە كشایەوە و بزووتنەوەی گۆڕانی پێكهێنا، ئێستەیش بەرژەوەندی جیاوازی ڕەوتەكانی ناو حزبەكە گرفتی زۆری بۆ دروست كردوون.