مالیكی كاتی دانیشتنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی ڕاگەیاند

:: AM:11:58:13/08/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، وادەی ڕاگەیاندنی ناوی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق و یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی ڕاگەیاند.

سەلام مالیكی بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، دانوستاندنی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەرهەمی باشی بەدەستەوە داوە، بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان، هاوپەیمانییەكەیش دەیەوێ حكوومەتێكی نیشتمانی پێك بهێنێت، دوور بێ لە مەزەویی، بەڵكو تەواو عێراقی بێت. 

ئاماژەی دا، یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق و ڕاگەیاندنی ناوی سەرۆك وەزیران لە دوای پشووەكانی جەژن ڕاستەوخۆ ڕادەگەیەنرێن.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، سەرەڕای چڕكردنەوەی هەوڵەكان، بەڵام تا ئێستە هیچ ڕێككەوتنێكی كۆتایی لە نێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە.

سەفا غانم ئەندامی هاوپەیمانی وەتەنییە ئاماژەی دا، هەموو لایەنەكان چاوەڕێی پەسەندكردنی ئەنجامەكان و دەرچوونن لەو دۆخەی ئێستە، بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و دەستكردنی خولی نوێی پەرلەمان بە دانیشتنەكان و پێكهێنانی حكوومەتی تازە، هەریەك لە سائیروون و فەتح و وەتەنییە و حیكمەیش هاوبەشی و لێكگەیشتنی زۆر لە نێوانیاندا هەیە. 



وشە - باز ئه‌حمه‌د