وشكبوونەوەی قوڕگ چییە و چۆن چارەسەر دەكرێ

:: PM:12:10:13/08/2018 ‌
وشكبوونەوەی قوڕگ دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازارێكی زۆر و ڕێ لە خواردن و خواردنەوە و تەنانەت قسەكردنیش دەگرێ، ڕەنگە وشكبوونەوەی قوڕگ دوای چەند رۆژێك سەختر بێت، بۆ چارەسەركردنیشی پێویستە ئەم رێیانەی خوارەوە بگرنە بەر.

به‌گوێره‌ی توێژینەوە و تاقیكردنەوە پزیشكییەكان چەند هۆكارێك هەن كە دەبنە هۆی دروستبوونی ئازاری قورگ وەكو هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە، هەڵامەت، هەڵگەرانەوەی ترشی گەدە، كە دەبێتە هۆی ئازار و وشكبوونەوەی قورگ، ئەو كەسانەی كە جگەرە كێشن زیاتر تووشی وشكبوونەوەی قورگ دەبنەوە، چونكە بڕێكی زۆر ژەهر لە ڕێی دووكەڵی جگەرەوە دەچێتە قورگەوە بەمەش وشكبوونەوە روودەدات.

ئەو ڕێیانەی بۆ چارەسەركردنی ئازاری قوڕگ بەكاردەهێنرێت:
یەكەم: ئاو و خوێ‌، لە كوپێك ئاوی گەرمدا كەوچكێك خوێ‌ بتوێنەوە پاشان بەو ئاوە غەرغەرە بكە تا وشكبونەوەی قوڕگ كەم ببێتەوە، ئەگەر بەهۆی هەوكردنەوە بوو ئەوا ئەم ئاو و خوێیە یارمەتی كەمكردنەوەی هەوكردن دەدات، ڕۆژانە سێ بۆ پێنج جار دووبارەی بكەرەوە.

دووەم: ئاوی لیمۆی گەرم لەگەڵ هەنگوین، كەوچكێكی چا هەنگوین زیاد بكە بۆ كوپێك ئاوی لیمۆی گەرم، رۆژی دووجار بیخۆرەوە، لیمۆ بڕێكی زۆر ڤیتامین C تێدایە و یارمەتی چاكبوونەوەی خانە زیان پێگەیشتووەكان دەدات، هەنگوینیش تایبەتمەندی هێوركردنەوە و دژەئۆكسیدی هەیە.

سێیەم: چای ڕەگی گوڵە هێرۆ، یەكێكی تر لەو ڕێیانەی كە بەكاردەهێنرێت بۆ چارەسەركردنی ئازاری قوڕگ بەكارهێنانی چایی ڕەگی گوڵە هێرۆیە، خواردنەوەی ئەم چایە دەبێتە هۆی چەوركردنی قوڕگ و لە ئازار و وشكبوون دەیپارێزێت.

چوارەم: زەردەچەو و شیر، پێش نووستن، بیرۆكەیەكی باشە ئەگەر چایی هاڕاوەی زەردەچەو و شیری گەرم بخۆیتەوە، چونكە وشكبوونەوەی قوڕگ چارەسەر دەكات و دژی هەوكردنە و تایبەتمەندی دژە میكرۆبی هەیە، بەهۆی ئەم سوودانەوە بە چارەسەرێكی سروشتی نایاب دادەنرێت بۆ ئازاری قوڕگ.


وشە - ئاوات ئازاد