مۆدریچ وەرزی داهاتوو لە ریال نامێنێ و ئەم یاریزانەش شوێنی دەگرێتەوە؟

:: PM:12:16:13/08/2018 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان مانەوەی لوكا مۆدریچ لە ریزی یانەی ریال مەدرید كاتییە و لە هاوینی داهاتوودا ئەو ئەستێرە كڕواتییە بەیەكجاری ریزی یانەی شاهانە جێدێڵێ.

مۆدریچ لەم هاوینەدا نزیكبوو پەیوەندی بە یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵییەوە بكات، بەڵام یانەی ریال مەدرید لە دوا ساتەكاندا بڕیاری زیادكردنی مووچەكەی دەركرد و مانەوەی لە ریزی تیپەكەیاندا راگەیاند.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: ئەو بەنجەی بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید لە مۆدریچیان داوە كاتییە و تەنیا بۆ ئەم وەرزە كاریگەری دەمێنێ.

رۆژنامەكە هەروەها رایگەیاند: لە هاوینی داهاتوو مۆدریچ ماڵئاوایی لە یانەی ریال مەدرید دەكات و ئەگەر ئەو كاتیش یانەی ئینتەر میلان داوای بكاتەوە پەیوەندی بەو یانەیەوە دەكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پلانیان داڕشتووە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی مۆدریچ لە وەرزی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ كریستیان ئیریكسنی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی دانیماڕكی و یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی بكەن.

ئێریكسن گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی تۆتنهام تا ساڵی 2020 درێژەی هەیە و ماوەیەك پێش ئێستاش داوایەكی بەرپرسانی یانەكەی رەت كردبووەوە سەبارەت بە نوێكردنەوە و درێژكردنەوەی ماوەی گرێبەستەكەی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م