ئەمڕۆ دووشەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك ئاگاداری ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكە كردووە، كە پارەی وانەكانی مانگی یەكی ئەمساڵ وەربگرن و سەردانی ناوەندەكانی خوێندن بكەن.
نیوار ئەترووسی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵات، ئاگاداری ئاراستەی بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانەكانی سنووری پەروەردەكەمان كردووە، تا سەردانمان بكەن و پارەی مانگی یەكی ساڵی 2018ی مامۆستایانی وانەبێژ وەربگرن و بەسەر وانەبێژان دابەشی بكەین.
هێمای بۆ ئەوەیش، جیا لەوە مامۆستایانی وانەبێژ دەتوانن سەردانی بەشی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتییەكەیشمان بكەن و پارەی خۆیان وەربگرن، بەڵام پێویستە ناسنامەی باری شارستانیان پێ بێت.
تا ئێستە مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری دهۆك پارەی پێنج مانگی وانە گوتنەوەیان وەرنەگرتووە و وەك قەرز لای حكوومەت ماوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری هەولێر و سلێمانی، تەنیا پارەی دوو مانگیان لای حكوومەتە.
هەرێمی كوردستان لە 2014 دوای هاتنی داعش و بڕینی بەشە بودجە بە بڕیارێكی كەسی لە بەغداوە و هەرزانبوونی نرخی نەوت، تووشی تەنگژەیەكی دارایی هاتووە و تا ئێستەیش ئەو تەنگژەیە بەردەوامی هەیە و پێشبینی دەكرێ تا كۆتایی ئەمساڵ دۆخی دارایی كوردستان ڕوو لە باشبوونی تەواو بكات.
دهۆك/دێژین سدقی.